لە بڵاوکراوەیەکدا نوسینگەی قوباد تاڵەبانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەمە (2/12/2024) لە هەولێر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئەلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە یەکەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان کرد و هیوای خواست لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بە قۆناغی زۆر قورسدا تێپەڕبووەوە و پێویستە حکومەتی داهاتوو بە شێوەیەک پێکبهێنرێت کە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان بێت و دادپەروەرانە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات.
لەسەر دۆخی سووریاش هەردوولا گفتوگۆیان کرد و دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەڵۆزییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی.
هەردوولا هیوایان خواست لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک مامەڵە بکەن سەقامگیری عێراق و کوردستان پارێزراوبێت.