ئەنجوومەنی گەلی عەفرین و شەهبا بڕیاریاندا بە چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا گەمارۆدرابوون و دەڵێن”کشانەوەمان بۆ بەهێزکردنی بەرخودانە لەو ناوچانە”.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی گەلی عەفرین و شەهبا بڕیاریاندا ئەو ناوچانەی لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە گەمارۆدراو چۆڵ بکات و ئاماژەشیان بەوەشدا، دەرچوونمان لە شەهبا بەو مانایە نییە کە واز لە بەرخۆدان دەهێنین، تێکۆشان بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت.
ئەنجوومەنەکە لەڕاگەیەندراوێکدا دۆخی ئەو ناوچانەی سووریای خستەڕوو و ڕایگەیاندووە، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی هێرشیان کردە سەر ناوچەی تەلرەفعەت و شەهبا، لەم ڕۆژانەدا هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین بۆ پاراستنمان، بەرخۆدانێکی بێ هاوتایان نیشان دا، بۆ ئەوەی گەلەکەمان تووشی کۆمەڵکوژی نەبێت.
جەختیشیان کردۆتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی بێتاوان لەوناوچانە نەکوژرێن، بڕیارمان دا لەو ناوچەی کە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا گەمارۆ دراوە بکشێینەوە.
ئەنجوومەنەکە جەختیش دەکاتەوە، دەرچوونمان لە هەرێمی شەهبا بەو مانایە نییە کە وازمان لە بەرخۆدانی خۆمان بۆ ڕزگارکردنی عەفرین هێناوە، بەڵکو لە ساڵانی دواییدا هەموو مەرجە سەختەکانمان لە کەمپەکاندا قبووڵ کردووە و لە ئێستاوە تێکۆشانی ئێمە بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت، ئێمە هەموو هەوڵەکان دەدەین بۆ ڕزگارکردنی خاک و نیشتیمانمان لە داگیرکەران.