بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە ئەمریكا بە لایەنی كەمەوە 17 كەس گیانیان لە دەستدا، كە یەكێكیان منداڵە.
باران بارینی بە خوڕ لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بووە بەهۆی بڕانی كارەبا، دەرهێنانی ڕەگ و ڕیشەی دارەكان، بڕینی ڕێگا سەرەكییەكان و بردنی ئۆتۆمبێل.
نووسینگەی فەرمانڕەوای كالیفۆرنیا ڕایگەیاندووە، ئەو زریانە بەردەوامانەی ڕۆژئاوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای گرتووەتەوە، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 17 هاووڵاتیی ویلایەتی كالیفۆرنیا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆ لافاوەوە لانیكەم ٣٤ هەزار كەس داوایان لێكراوە ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.
لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتداران فەرمانی چۆڵكردنی چەند ناوچەی دیكەشیان دەركرد، وەكو ناوچەی سانتا كروز لە نزیك سانفڕانسیسكۆ.
بەڕای شارەزایان، هۆكاری ئەم لافاو و زریانانە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوەیە، كە لە زۆر وڵاتی جیهاندا ڕوو دەدەن و زیانەكانیان لە زیانی مرۆیی و ماڵی بێشوومارە.
ئەو گەردەلوولەی هەفتەی ڕابردوو ڕوویدا بووە هۆی پچڕانی كارەبای هەزاران كەس و لافاوێكی زۆر و زەوی ڕۆچوون، زریانەكە دوای چەند ڕۆژێك بارانبارینی بەخوڕ ڕوویدا.
هەرچەندە بارانێكی زۆر باریوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەو بارانە بەس نابێت بۆ پڕكردنەوەی یەدەگی ئاوی كالیفۆرنیا، بۆ قەرەبووكردنەوەی وشكەساڵی ساڵانی ڕابردوو، بارانبارینی سەرووی ئاسایی لە ماوەی چەند زستانێكدا پێویست دەبێت.