بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی مەرجەکانی پێدانی یەکەی نیشتەجێبوونی بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی سنوورەکەی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، هەر خاوەن پێداویستییەکی تایبەت ڕێژەی کەمئەندامی %90 بێت و مەرجەکانی تێدابێت دەتوانێت بێبەرامبەر یەکەیەک وەربگرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، تیایدا هاتووە: پێداچونەوەیان بە مەرجەکانی پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون کرد بۆ ئەو کەمئەندامانەی کە بڕیار وایە بێبەرامبەر یەکەی نیشتەجێبونیان بدەنێ، دوای واژۆ کردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و کۆمپانیای گردجان توانرا 45 یەکەی نیشتەجێ بوون لەجۆری شوقە بەبێ بەرامبەر بۆ ئەو کەمئەندامانەی ڕێژەی پەککەوتەییان سەدا 90 و کرێچین دابین بکرێت لە پڕۆژەی شاری شاران/ قولەرەیسی دروست دەکرێت”.
ئەو مەرجانەی دانراوە بۆ پێدانی یەکەکان:
* ڕێژەی کەمئەندامیەکەی لەسەدا نەوەد بێت.
* خێزانداربێت- سەرۆک خێزان یان هاوسەری کەمئەندام بێت.
* کرێچی بێت.
* جگە لە مووچەی کەمئەندامی هیچ مووچە و داهاتێکی تری نەبێت.
* نیشتەجێی قەزای ناوەندی سلێمانی بێت.
تێبینی:
هەر خاوەن پێداویستیەکی تایبەت خوازیارە و مەرجەکان دەیگرێتەوە دەتوانێ لە ڕۆژی سێشەممە 3ـی 12ـی2024 تـــا ڕۆژی سێشەممە 10ـی 12ـی2024، سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی فۆڕم، لە کاتی دەوامی فەرمی.
ناونیشان :- بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی – گردی جۆگە – خوار ئامادەیی هەڵکەوتی کوڕان.