سەرۆک کۆمار پێشوازی لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی سەقامگیری ناوچەکە
ئەمڕۆ یەک شەممە، سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی.
لە میانی دیدارەکەدا کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ئەمنی لە گۆڕەپانی ناوخۆ و ناوچەیی کرا.
لەو بارەیەشەوە سەرۆک کۆمار، پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و پێدانی متمانەی زیاتر پێیان دووپات کردەوە بە شێوەیەک تا هاووڵاتیان زیاتر هەماهەنگیان لەگەڵدا بکەن.
هاوکات سەرۆک کۆمار ڕوونی کردەوە کە پێشهات و ڕووداوەکان لە سوریا و کاردانەوەیان لەسەر ناوچەکە بە گشتی جێی بایەخ و سەرنجی زۆرن، هەروەها ئاماژەیکرد بە گرنگی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە پشتگیریکردن لە سەقامگیری ناوچەکە و دوورخستنەوەی زیاتری ناوچەکەلە شەڕ و کوشتن و وێرانکاری.
لای خۆیەوە ئەعەرەجی دڵنیاییدا بە سەرۆک کۆمار لە ئامادەیی تەواوی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بە شێوەیەک کە ئاسایش وڵات و گیانی هاووڵاتیان بپارێزێت.