ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بەغدا سێ مووچەش بنێرێت هەرێمی کوردستان دەتوانێت دوو موچە دابەش بکات، دەشڵێت: “سەرۆکی حکومەت چەندین جار سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردوە و سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هێندە زۆرە بەغدا چاوی پێی هەڵنایەت و دەیەوێت ڕایبگرێت”.
دژوار فایەق، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بۆ کەناڵی (کەی ئێن ئێن)، باسی لە چارەنوسی سێ موچەی مانگەکانی (10،11،12) کرد و وتی: ئەگەر بەغدا گوژمەی یەکەمی پارەکەش بنێرێت کورتهێنانمان دەبێت و ناتوانین مووچەی مانگی 10 دابەش بکەین.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردوە سێ مووچە بەیەکەوە بنێرن بۆئەوەی بەپەلە بتوانن دوو موچەی مانگەکانی 10 و 11 دابەش بکەن و بۆ چارەسەری دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـش وتی: “هەرێمی کوردستان داوای کردوە موناقەلە لە شوێنێکی دیکەوە بکرێت تا بتوانن پێش کۆتاییهاتنی ساڵ هەرسێ مووچەکە دابەش بکەن”.
جەختی کردەوە، کە بە دڵنیاییەوە ئەگەر گوژمەی یەکەمی پارەکەش بێت ناتوانن خشتەی مووچە ڕابگەیەنن، وتیشی: “لەئێستادا لە گفتوگۆداین و هیوادارین ئەنجامی هەبێت”.
لەبارەی ئەگەری فەوتانی مووچەی مانگی 12 دژوار فایەق وتی: ئەگەر موناقەلە لە بەغدادەوە نەشکرێت، ئەوا ئێمە لەگەڵ ئەوە نین ئەو مووچەیە بفەوتێت و لەگەڵ ئەوەداین دوای ساڵی نوێ بەغدا ئەو مووچەیە دابەش بکات.”
وتیشی: “عێراق بە سیاسەتی بانێک و دوو هەوا لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکات، چونکە ئەگەر پارێزگاکانی دیکە رادەستکردنی داهاتیش نەکەن مووچەکانیان دابەش دەکرێت، بەڵام بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەو کارە ناکات و هەر جارە و بیانویەک دەهێننەوە”.
راوێژکاری سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستەڕو، کە سەرۆکی حکومەت چەندین جار سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردوە، کێشەی مووچە کێشەیەکی دروستکراوە ئەگەرنا زۆر ئاسان کێشەکان چارەسەر دەبن، بەغداد تێبینی ئەوتۆی لەسەر هەرێم نییە، بەڵام کۆسپ دروست دەکات و چاویان بە گەشەسەندن و بوژانەوەی هەرێم و ئاسایشەکەی هەڵنیایەت و ئەیانەوێت ڕایبگرن.