لەوەرزی زستاندا كاتێك پلەی گەرما بۆ خوار سفر دادەبەزێت، ئەگەری نەخۆشی سەرمابردن و تەزین دروستدەبێت، لەم نەخۆشییەدا بەشە دەركەوتووەكانی لەشی مرۆڤ وەك پەنجەی دەست و قاچ لوت و گوێچكە، دەیبەستێت و چیتر خوێن پیایدا هاتوچۆ ناكات.
نەخۆشەكە هەست بە مێرولەكردن و سڕبوون دەكات، دواتر ڕەنگی پێستی سوردەبێتەوە و هەڵدەئاوسێت، ئەگەر فریای خۆی نەكەوێت، ڕەنگی شین و ڕەش دەبێتەوە و ئاوسانەكەی زیاتر دەبێت و هەست بە ئازار دەكات.
ئەم جۆرە نەخۆشییە زیاتر لەوكەسانەدا دەردەكەویت كە لە كاتی سەرمادا لە دەرەوەی ماڵەوەن، وەك سەرباز و شاخەوان و كەسانی بێ ماڵ و حاڵ و سەرخۆش.
ئەگەر بەركەوتوەكە زوو فریای خۆی نەكەوێت، نەخۆشییەكەی توندتر دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەكات، گرنگترین ماكی ئەم نەخۆشییە دابەزینی پلەی گەرمی جەستەی نەخۆشەكە( hypothermia ) و هەڵئاوسانی بەشە بەركەوتوەكانی جەستەیەتی( compartment syndrom) .
خۆپاراستن..
لە زستاندا جل وبەرگی گەرم لەبەر بكە.
ئەگەر لە زستاندا چوویتە دەرەوەی ماڵ خواردن و شلەمەنی باش بخۆ.
لە شوێنی كاردا بجوڵێ و مەوەستە.
ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە یان جگەرەكێشن، نابێت خۆیان بەرسەرما بدەن.
چارەسەر..
بە گەرمكردنەوەی سەرتاپای جەستەی نەخۆشەكە دەستپیدەكات..
داپۆشینی بە بەتانی و لێفە.
پێدانی شلەمەنی گەرم.
ناردنی بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشییەكەی تەواوبكات.
ئامادەكردنی د.فایەق محەمەد گوڵپی، پزیشكی هەناوی