ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی مەکۆی نوێی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و هەردوولا لەسەر قۆناغی دوای هەڵبژاردن کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تاوتوێی پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە بکرێت لەگەڵ دۆخی ئێستا و پێویستییەکانی ئەم قۆناغە لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییان، ئامادەییشیان دەربڕی کە بەیەکەوە کار لەسەر هێنانەکایەی ژینگەیەکی ئارامی سیاسی بکەن لەپێناو گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ باشترکردنی ئاستی گوزەرانی هاووڵاتییان.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكە بۆ ڕۆژنامەونووسان ڕایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام وەک ئۆپۆزسیۆن بەشداری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و لە ئێستاشدا بڕیاری کشانەوەمان داوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەمانەوێت لەڕێگەی ئەزموونی پێشتر وەک ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و کاریگەر کاربکەین و گرفتەکان بخەینەڕوو بۆ ئەوەی باشتر داواکارییەکانی خەڵک بگەیەنین، هەروەها داوامان لە لایەنە باڵا دەستەکان کردووە لەسەر ستراتیژێکی نیشتیمانی کوردستانی دانوستان بکەن.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشێ خستەڕوو، داواکارین لەسەرجەم لایەنەکان دانوستانەکانیان بەزوویی ئەنجام بدەن و بگەنە ڕێککەوتن بۆئەوەی چیتر بۆشایی یاسایی و پەرلەمانمان نەبێت، چونکە هەنگاوەکان گرنگن بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان لەهەرێمی کوردستان.