بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بڕی پارەی ماوەی گەنمی جوتیاران لەلای عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت”ڕەزامەندی دراوە و تەنها وادەی ناردنەکەی ماوە”.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بەمیدیای نزیک لە یەکێتی راگەیاند، بەغدا رەزامەندی داوە بە ناردنی کۆتا گوژمەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانیی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەسەر دراوە و تەنها وادەی ناردنەکەی دیارنییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕەی کە لەلای بەغدا ماوە 130 ملیار دینارە و چاوەڕوان دەکرێت بەغدا ئەوبڕە پارەیە بنێرێت.
هاوکات ووتیشی” بابەتەکە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەردراوە و تەنها رێککارە کارگێڕیی و داراییەکانی ماوە”.
شایانی باسە کۆی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان 560 ملیار دینارە و لەئێستادا تەنها 130 ملیار دیناری ماوە لە لایەن بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.