بە وتەی چەند سەرچاوەیەک لە نێو پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، دوای نزیکەی شەش مانگ هێشتا ڕوون نییە کەی نوێکردنەوە و پێدانی مافی مانەوەی سیاسی چارەسەر دەکرێت، هۆکارەکەشی بۆ فشارەکانی” ئێران” بۆ سەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە.
سەرچاوەیەک لە نێو یەکێک لە حزبەکانی کۆمەڵە، کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،” لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە نوێکردنەوە و پێدانی مافی مانەوەی سیاسی بەو کەسانەی کە لەسەر کاری سیاسی هاتوونەتە هەرێم لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقەوە ڕاگیراوە، هەرچەند لە ئاستی حزبەکان هەوڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام هێشتا بێ ئەنجامە.”
ئەو سەرچاوەیە، وتیشی،” تەنها لە سنوری پارێزگای هەولێر نزیکەی 5 هەزار کەس دەبین، بەشێکمان مافی مانەوەمان بەسەرچووە و وا وردە وردە ئەوانی دیکەش بەسەردەچێت، ئەوەش گرفتی بۆ هاتوچۆ و خوێندن و کاروباری ژیانی ڕۆژنەمان دروستکردووە، چونکە جگە لە مافی مانەوەمان کە یەک ساڵیە بە زۆری مۆڵەتی شۆفێریەکانیشمان تەنها یەک ساڵییە و تا مافی مانەوەت نوێ نەکەیتەوە ناتوانین مۆڵەتی شۆفێری نوێ بکەینەوە.”
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست (دەنگی ئەمریکا) کەوتوون، نیشینگەکانی هەولێر و سلێمانی داوای لیستی ناوی پەنابەرانی سیاسیان کردووە لە حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی کوردستانی ئێران و هەر حزبە و لیستی خۆیی پێشکەش کردووە.
دوو جۆر پێدانی مافی مانەوە هەیە، جۆرێکیان یەک ساڵیە و لە هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت و جۆری دووەمیان وەزارەتی ناوخۆی عێراق کاری پێدەکات ئەویش تەنها بەو کەسانە دراوە کە لەسەر کاری سیاسی ئێرانیان جێهێشتووە و لە ڕومادی گیرسابوونەوە و ئێستا لە کەمپەکانی باریکە و شیرەوان و قوشتەپەن.
سەرچاوەیەکیش لە کۆمەڵەی زەحمەتەکێشانی کوردستان، بێجگە لەوەی کە قسەکانی سەرچاوەی یەکەمی پشڕاست کردەوە وتی، “زۆر لەوە دڵنیاین کە فشارەکانی ئێران بۆ سەر عێراق وایکردووە ئەو مافی مانەوەیە بەو کەسانەی کە مافی مانەوەی سیاسیان هەیە بۆیان نوێ نەکرێتەوە یان پێیان نەدرێت، ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین و ڕەنگە لە داهاتووشدا بەربەستەکانی پێشمان زیاتر ببێت.”
لە مانگی 7ی ئەمساڵ، ئێران گوشارەکانی بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان زیادکرد و جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران، ڕایگەیاند، “لیستێکی 120 کەسیان داوەتە بەرپرسانی عێراق بۆ ئەوەی ڕادەستی ئێرانیان بکەنەوە.”
کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران لە دانیشتنێکدا، وتی، “لیستی نزیکەی 120 دژبەر کە خۆیان داوەتە پاڵ کوردە شەریفەکانی عێراق، ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەیان و بەم زووانە دادگاییکردنیشیان بەڕێوەدەچێت.”
کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست دەکات و ئەو حزبانە تۆمەتبار دەکات بە چالاکی سەربازی دژی وڵاتەکەی و بەو بیانووەوە چەندین جار بنکەکانی ئەو حزبانەی کردووەتە ئامانجی موشەکەکانی.
ئەو حزبە کوردییانەی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە، بریتین لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان.