دڵشاد شەهاب ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی رایگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی سلێمانی دەکەین و دەست بە سەردانی لایەنەکان دەکەین، بۆ پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی راشیگەیاند، هێشتا یەکێتی وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام شاندیان پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ دەگاتە سلێمانی لەگەڵ لایەنەکان دەست بەدانوسان دەکات.
بە وتەی ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری پارتی، “هەموو لایەنە سیاسییەکان ئامادەیی خۆیان نیشان داوە لەگەڵ پارتی کۆ ببنەوە و ئێمە هەموومان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشمان لەسەر شانە”.
دڵشاد شەهاب، باسی لەوەشکرد، دەرگای پارتی بە ڕووی هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کراوەیە و دەیانەوێت حکومەتێکی بنکەفراوان پێک بهێنن. وەک خۆی وتی، یەکێک لە بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم “ڕێزگرتنە لە دەستەکەوتەی هەڵبژاردن و پارتیش براوەی یەکەمە، بۆیە دەبێت ڕێز لە دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت لە کاتی گفتوگۆکان”.