ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند لەمڕۆوە سەردانی شاندی حزبەکەیان دەربارەی دانوستانەکانی کابینەی نوێی حکومەت سەردانی لایەنەکان دەکات و کاندیدی پارتیش بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند لەمڕۆوە شاندی پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات بۆ دانوستان لەسەر پرسی پیكهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم.
هیواشی خواست تا ڕۆژی 2ی مانگی داهاتوو ڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی دواتر هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێم دەستپێبکەن و ئەویش کاندیدی سەرۆکی وەزیرانی داهاتوو “کە مەسرور بارزانییە” بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕابسپێرێت.
هێمن هەورامی ڕاشیگەیاند بە پێی کاتە دەستوورییە دیاریکراوەکان دەبێت حکومەتی نوێ لە ماوەی 30 ڕۆژدا واتا تا کۆتایی مانگی یەک یاخود سەرەتای مانگی دووی 2025 پێکبهێنرێت.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی هیواشی خواست ئەزموونەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە کە پێکهێنانی حکومەت چەند مانگێکی دەخایاند و وتیشی: “دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەياست و عێراق و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کارتی فشارن لەسەر هەرێمی کوردستان”.
بە پێی فەرمانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 2ی 12 بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی کوردستان دیاریکراوە.