(حساباتێك بەپێوەری خەرجیی فیعلی)
جیهانگیر سدیق گوڵپی
بڕی تەرخانكراو تەنها بۆ مووچەی هەرێم لەناو بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 لەهەردوو بەشی (قەرەبووی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەڵایەتی) بریتیە لە 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینار.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق تاكو كۆتایی مانگی ئەیلوول تەنها نزیكەی 7 ترلیۆن 800 ملیار لەو تەرخانكراوانە دراوە بەهەرێم. كەچی دەوترێ بەشی تەرخانكراوی مووچەتان تەواو بووە.
دەوترێ هۆكاری ئەم تەواوبوونە بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە كە بەغدادد لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی تەمویلی مووچەی هەرێم دەكات نەك لەسەر بنەمای تەرخانكراوەكان.
بابزانین ئەگەر كارەكە بەو جۆرە بێت و ستەمی پێوەری خەرجی فیعلی خرابێتەوە كار حسابەكە چۆنە؟
بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، ناوەندی ڕێژەی خەرجی فیعلی مانگانە لە تەرخانكراوەكانی مووچە بەهەردوو بەشی (قەرەبووی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەڵایەتی) بۆ نۆ مانگی ڕابردوو لە هەموو عێراق بریتیە لە 92.3%.
بڕی تەرخانكراو بۆ مووچەی هەرێم لە یاسای بودجەدا لە هەردوو بەشی (قەرەبووی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەڵایەتی) بریتیە لە 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینار.
%92.3 ی ئەو تەرخانكراوانە دەكاتە 10 ترلیۆن و 684 ملیار دینار، كە ئەگەر بەپێوەری خەرجیی فیعلیش بێت هیشتا دەبێ بۆ ئەمساڵ ئەو بڕە بدرێتە هەرێم بۆ مووچە.
كەچی تاكو كۆتایی مانگی ئەیلوول نزیكەی 7 ترلیۆن 800 ملیار دراوە بەهەرێم بۆ مووچە، دەشوترێت تەرخانكراوتان لەو بەشە تەواو بووە.
خۆ ئەگەر دەوترێت تەنها خەرجیی فیعلی پارێزگانی عێراق دەكرێتە پێوەر بەوەیش ئەنجامەكە زۆر جیاواز نابیت.
خۆ ئەگەر ڕێژەی خەرجیی فیعلی لەسەر ئاستی كۆی بودجەكە دەكرێتە پێوەر، ئەوا حسابەكە بەم جۆرە دەردەچێت:
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكان ڕێژەی خەرجكردنی فیعلی لەسەر ئاستی كۆی بودجەكە 59.71%ە . لەبەر ئەوەی ڕێژەی خەرجكردنی بەشەكانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن(جگە لە مووچە) زۆر زۆر كەمە، بۆیە ڕیژەی خەرجكردنی گشتی دادەبەزێتە ئەو ئاستە.
كۆی تەرخانكراو بۆ هەرێم بە گشتی لە بودجەی عێراق بریتیە لە 20 ترلیۆن و 910 ملیار دینار.
%59.71ی كۆی ئەو بڕە دەكاتە 12 ترلیۆن و 485 ملیار دینار كە دەبێ بۆ كۆی ساڵەكە بدرێتە هەرێم، ئەگەر بەوجۆرەیش حسابی لەگەڵ بكرێ. كەچی تاكو ئێستا كەمێك لە نیوە زیاتری ئەو پارەیە دراوە بەهەرێم ئەویش تەنها بۆ مووچە بووە.
مانگێك زیاتریشە هەوڵ و كۆششە جۆراو جۆرەكان بە داواكاری موناقەلەیشەوە نەیتوانیوە چارەسەری گرفتەكە بكات.
جگە لەوەیش وەزارەتی دارایی عێراق دەڵی تاكو كۆتایی مانگی ئەیلوول بۆ بەشەكانی تری بودجە (پێویستی كاڵا و كەلوپەل، پێویستی خزمەتگوزاتری، چاككردنەوە..هتد) نزیكەی 1 ترلیۆن و 59 ملیار دینار. لەگەڵ 7 ترلیۆن و 800 ملیار بۆ مووچە، بەكۆی گشتی بڕی 8 ترلیۆن و 859 ملیار دینار نێردراوە بۆ هەرێم.
لێرەدا ئەم پرسیارەیش دێتە پێشمان، ئایا ڕاستە هەرێم سەربارەی ئەوەی بۆ مووچە وەریگرتووە بڕی زیاتر لە 1 ترلیۆن دیناریشی بۆ بەشەكانی تری بودجە وەرگرتوە؟؟ چونكە بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەی لەسەر حساب كراوە.
هەرچەندە بەپێی ئەوەی لەسەرەوە باسكرا باوەڕم وایە هەرێم بەشی مووچەی خۆی بەزیادەوە ماوەو بەپێی بریارەكەی دادگای ئیتیحادیش نابێت هیچ بەربەستێكی بۆ دروست بكرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا دەزانم دەق و بڕگە وتەڵەزگەكانی ناو یاساو بڕیارەكان لە بەغداد وا داڕێژراون كە هەركات بیانەوێ نیازی نەرێنیان بخەنەگەڕ ئەوا ئەتوانن بەجۆرێك خوێندنەوەیان بۆ بكەن و بەكاریان بهێنن كە هەرێم قەرزاریش بكەنەوە.