وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، حزبەکەی بەو بەرنامانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاویدەکردنەوە، دەچێتە پەرلەمان و ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەیەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا.
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند: “یەکێتی بەو بەرنامانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاویدەکردنەوە، دەچێتە پەرلەمان و ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەیەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەبەشداری ئەو ئەندامانەی کە دەنگی پێویستیان لەهەڵبژاردندا بەدەستهێناوە و ئەندامەکانمان بە رۆحیەتی پێکەوەیی کاردەکەن و دەیانەوێت قەرەبووی ئەو ماوەیە بکەنەوە کە پەرلەمانی کوردستان تیایدا داخرابوو”.
وتیشی: “دوای یەکەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکرێتەوە، هەرچەندە بەشێوەیەکی نارەسمی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان کراوە، دەرگاشمان کراوەیە بۆ هەر لایەنێک کە ئامادەی گفتوگۆ بێت، هاوکات تەئکید لە راستکردنەوەی رێرەوی حکومڕانی دەکەینەوە”.
وتەبێژی یەکێتی باسی لەوەشکرد: “وەرگرتنی پۆستەکان و دابەشکردنیان بە گفتوگۆ دەکرێت، پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا هەوڵبدەین بەشێوەیەکی دروست کاربکەین بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی کارا”.