شای مەغریب، محەمەدی شەشەم بەبۆنەی ساڵیادی پێشكەشكردنی بەڵگەنامەی داواكاری سەربەخۆیی، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ٩٩١ كەسی دەستبەسەر و بەندكراو دەركرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دادی مەغریب، ٧٠٧ كەسی دەستبەسەر و ٢٨٤ كەسی بەندكراو لەسەر تاوانی جۆراوجۆر، سوودمەند بوون لە بڕیاری لێخۆشبوونەكەی شا محەمەدی شەشەم.
دەركردنی بڕیاری لێخۆشبوون لە مەغریب كە لە یادی رۆژە تایبەتەكاندا بووەتە نەریتێك، خۆی لە ئازادكردنی ژمارەیەك بەندكراو و سووككردنی سزای ژمارەیەك بەندكراوی دیكەدا دەبینێتەوە.
ئەو بەڵگەنامانەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتمانیی مەغریب و شا محەمەدی پێنجەم كە لەو كاتەدا لە دوورە وڵاتدا بووە و بەهاوبەشی ئامادەكراون، بە “بەڵگەنامەكانی داواكاری سەربەخۆیی مەغریب” ناودەبرێن.
ئەو بەڵگەنامانە لە ١١ی كانوونی دووەمی ١٩٤٤دا، پێشكەش بە دەسەڵاتدارانی كۆلۆنیالی فەڕەنسا كران، هاوكات ١١ی كانوونی دووەم كە تیایدا یەكەم هەنگاوی فەرمی بۆ سەربەخۆیی مەغریب نرا، وەك پشوو راگەیەنراوە.