میدحاد سانجار هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە كۆبوونەوەی پارتەكەیدا ڕایگەیاند ” دۆسیەی دژ بە پارتەكەمان كاریگەری لەسەر هەموو كێشەكانی توركیا هەیە. سەرۆكی داواكاری گشتی لە دادگای دەستووری بە زارەكی قسەی كرد. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر حسابی ئێمە كە هاوكاری گەنجینەی بۆ دەنێردرا بلۆك كرا. ئەم پێشهاتانە نابێت تەنیا وەك گوشار لەسەر هەدەپە سەیر بكرێن، چونكە ڕێگا بۆ وێرانكارییەكی گەورە لە هەموو توركیادا دەكاتەوە”.
میدحاد سانجار هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت “لە رۆژەڤی ئێمەدا پیلانگێڕی سیاسی و دەرئەنجامە قورسەكانی هەیە. ئەركی ئێمەیە ئەم دۆخە روون بكەینەوە. رەگەزی ئێمە ئەوەیە كە قسە كۆتایی نایەت، خەبات كۆتایی نایەت. هیچ شوێنێك نییە كە قسەكردن تێیدا كۆتایی بێت. دیالۆگ بۆ رازیكردن و پێكەوە كاركردن كۆتایی نایەت. هەدەپە ١١ ساڵ لەمەوبەر بۆ كۆكردنەوەی هەموو ناسنامە، بیروباوەڕ، رەنجدەران ،لاوان، ژنان و كرێكاران لە داهاتوویەكی هاوبەشی كۆماری دیموكراتیكدا لەسەر بنەمای هاوڵاتییەكی یەكسان دامەزرا. هەدەپە خەباتی سیاسی خۆی لەگەڵ خەباتی كۆمەڵایەتی یەكخست و گەیشتە ئەمڕۆ. لەم خەباتەدا هەدەپە خەباتێكی هاوبەشی لەگەڵ گەلی كورد بەڕێوەبرد، لەگەڵ هەموو هێزە سۆسیالیستانی دیموكراتیك و شۆڕشگێڕەكان لە توركیا، لەگەڵ ڕێكخراوە ژینگەپارێزەكان، ژنان و گەنجان خەباتی كرد. ئێستاش بووەتە هیوای گۆڕانكاری بۆ ملیۆنان كەس. سەرەڕای هەموو جۆرە هێرشێك، لەسەر پێیە و رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت، بەهۆی هاوپەیمانێتییە بەهێزەكەیەوە رووبەڕووی ئەم فشارانە بووەتەوە.”
هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان دەشڵێت “هەدەپە بووەتە دەنگی هەموو ئەوانەی دەنگیان دەبڕدرێت. هەناسەیەك بوو بۆ ئەو كۆمەڵگایەی بە بێهەناسە هێڵراوەتەوە. هەدەپە ڕێگەی نوێی خوڵقاند، بژاردەی نوێی دروستكرد و ڕێگاكانی خەباتی فراوانتر كرد. هەر لە كێشەی كوردەوە تا كێشەكانی دیموكراسی و دادپەروەری و كار و ئیكۆلۆژی لە هەموو بوارێكدا بۆ وڵات قسەی كرد و سیاسەتی دروست كرد و چارەسەری راستەقینەی داڕشت. رێژەی دیموكراسی ، یەكسانی و ئازادی لە پرسە دەستووری، ئابووری، دیموكراسی و كۆمەڵایەتبیەكاندا بەرزكردەوە”.
ڕوونیشیكردەوە “سیاسەتی بوێرانە و هەمیشەیی هەدەپە لە هەموو بوارێكدا ئاشكرای كرد كە بەرنامەی چارەسەری هاوبەش بۆ هەموو كێشەكانی توركیا چییە. گۆڕا بۆ بەرنامەی بەڕێوەبردن و بەهێزكردنی دیموكراسی. هەدەپە بوو بە ئەكتەری سەرەكی بنیاتنەری ئیرادەی ملیۆنان كەس. بووە ناوەندی سیاسی و كۆمەڵایەتی كە ساڵی ٢٠٢٣ و ساڵەكانی دوای دیاری دەكات. ئەو بژاردە دیموكراسییەی كە دەسەڵاتی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەدەپەی خوڵقاند، گەورەترین شكستی لە دەسەڵاتی تاكڕەویدا دروستكرد. یەكێك لە نموونە لەبیرنەكراوەكانی ئەم شكستە ئەزموونی ٧ی حوزەیرانە. شكستی ئاكپارتی لەو كاتەدا بۆ هەموو گەلانی توركیای دەرخست كە ژیان، وڵات و سیستەمێكی نوێ دەكرێت بنیات بنرێت. سیاسەتی ئێمە كە پشت بە ئیرادەی گەل دەبەستێت، كۆتایی زۆردەستی، نادادپەروەری، رەتكردنەوە، شەڕ و تاڵان هێنا”.
هەرچەندە باس لە ئەوە كرا ڕۆژی سێشەممە دادگای باڵای دەستووری توركیا بڕیار لەبارەی كەیسی داخستنی هەدەپەوە دەدات، بەڵام تەنها داواكاری گشتی بەڵگەكەكانی پێشكەشی دادگا كرد.
سەرۆكی داواكاری گشتی توركیا ڕۆژی سێشەممە دوا سەرنجەكانی خۆی خستە بەردەم دادگای باڵای توركیا لە دۆسیەی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە بەر لە هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا.
سەرۆكی داواكاری گشتی بەكر شاهین ڕۆژی سێشەممە هەدەپەی وەكو “ئۆفیسی دامەزراندنی” پەكەكە وێناكرد.
شاهین لە پاش دانیشتنەكەی دادگا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند ” ئێمە ئەوەمان خستەڕوو كە لایەنی تۆمەتبار بووەتە جێگەی كردەوەكانی پێچەوانەی یەكپارچەیی دەوڵەت.”
دەشڵێت” پەیوەندییەكانی لەگەڵ پەكەكەدا ڕاستییەكی ڕوونە. تەواوی كۆمەڵگەكەمان ئەمە دەزانن.”