علی عبدالصمد
خۆزگە ئیبلیس هەر ئەو کاتە نەک بۆ ئادەم بۆ دایکە حەوای سێو خۆریش ئەو سوجدەیت ببردایە ئێمە ئێستا ڕۆژی سەدجار سوجدە دەبەین نەک بۆ ئادەم بۆ نەوەی نەوەی ستەمکار و ڕێلادەر.
بەگوتەی “عەلی شەریعەتی” جیاوازی کۆیلەی جاران و ئێستا ئەوەیە، جاران گەورەکان کۆیلەکانیان هەڵدەبژارد، بەڵام ئێستا کۆیلەکان گەورەکانیان هەڵدەبژێرن.
سەردەمی ئێستا تاکە سەردەمە لەو سەردەمانەی مرۆڤایەتی کە کۆیلەبوون تێیدا شانازی بێت و وەک ئەو وتەیەی شەریعەتیش، مرۆڤ بۆ خۆی ئەو گەورەیە هەڵبژێرێت کە ئارەزووی کۆیلەبوونی بۆ بکات, ئەگەر چی لە فۆڕمە سادەکەیدا پەرستنی ئەو بتانە نەماون کە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دادەتاشران و دەپرستران، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئەم سەردەمە، لە هەموو ئەو سەردەمانەی دیکەی مرۆڤایەتی زیاتر بت پەرستی جۆراوجۆری تێدایە و کۆیلەکانیاش سوجدەیان بۆ دەبەن.
ئەو سەردەمەکەی کە مرۆڤ دەیان بتی جۆراوجۆری، لە بتی سیاسی و بتی ئابووری و بتی دینی، داتاشیوە و بێ ئاگایانە سوجدەیان بۆ دەبات.
سوجدە بۆ هەموو ئەو سیاسیانەی دونیای ئەو و ئایندەیان ڕەشکردوە، سوجدە بۆ هەموو ئەو شێخ و پیاوە بەناو ئاینییانەی خۆیان لە خەڵکی سادە کردۆتە وەکیل و بریکاری خودا.
سوجدە بۆ هەموو ئەو خاوەنکار و سەرمایەدارانەت کە خۆیان وەک سەرچاوەی ڕزق و بژێوی ژێردەستەکانیان لەقەڵەم داوە.
ئەم سەردەمە زیاتر لەهەموو شت پێویستمان بە “ئیبراهیم”ە هەتا هەموو بتە داتاشراوەکانی دونیایی ئێمە بشکێنێت، ئەو بتانەی کە خۆمان دامان تاشیوون و کردوومانن بە پەرستراوی خۆمان. ئەو سەردەمەی ڕۆژانە دەیان بت دەبینین کە کۆیلەکان بۆ خۆیان ئافراندوویانە و دەیانپەرستن. ئەو سەردەمەی ئەگەر ئیبلیس بیبینێت کە نەوەکانی ئادەم، سوجدە بۆ هەموو شتێک دەبەن، ڕەنگە ئەویش هەر بێ یەک و دوو، سوجدە بۆ ئادەم بەرێت.