هاوڵاتی، سۆران حوسێن عەبدووڵڵا، ناسراوە بە (سۆران دڵپاک)، دانیشتوی قەزای چواڕقوڕنەیە لە ئیدارەی ڕاپەین، ماوەی 14 ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی پاشماوەکانە لە شوێنە گشتییەکان بە تایبەتی پاشماوەی جگەرە.
ئەو ژینگەدۆستە، بەهۆی فیشەکێکی شەڕی ناوخۆوە ساڵی نەوەدەکان، بیستنی لە دەستداوە و چەندین شوێنی برین بە لاشەیەوە دیارە، سەرەڕای بوونی مووچەیەکی کەمئەندامی سەنگەر (دڵپاک)، تاوەکو ئێستاش لە خانوویەکی کرێدایە، خاوەنی چوار منداڵە و خێزانیشی ماوەی چەند ساڵێکە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و مانگانە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە، هەر مانگێک مووچەکەی (دڵپاک) دوابکەوێت، ئەوا گرفت بۆ تەندرووستی خێزانی درووست دەبێت.
بە ووتەی ئەو ژینگە پارێزە، تا ئێستا لە 29 کاری جیاواز خزمەتی بە ژینگەگەیاندووە، دووەم جارە کارەکانی تایبەت کردووە بە کۆکردنەوەی پاشماوەی فڕێدراوی جگەرە. بە ووتەی ناوبراو، لە ساڵێکدا، تەنها ۲٥ ڕۆژ پشوو دەدات ڕۆژەکانی تر سەرقاڵی خزمەتکردنە بە ژینگە لە کاتژمێر شەشی بەیانی تاوەکو بانگی شێوان
بە ووتەی (دڵپاک)، سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام لەبەر خاتری گشتی بەو کارە هەڵدەستێت، ئەو پێی وایە، حکومەتیش ناتوانێ بەو کارە هەستێت بەبێ بەرامبەر و بە خۆبەخشی. زۆرینەی کارەکانی دڵپاک، لە پارکی دەروازە و پارکی گشتی ڕانیەیە، ئەو نیگەرانە لەوەی خەڵکی ناتوانن وەکو پێویست ژینگەی ئەو شوێنانە بپارێزن.
سەرەڕای پیسکردنی ژینگەی شوێنە گشتیەکان، (دڵپاک)، بە حەسرەتەوە خەم بۆ درەختە بە تەمەنەکانی پارکەکان هەڵدەکێشێت و دەڵێت، هێندە پاشماوەی خراپ خراونەتە ژێر درەختەکانەوە هەموویان خەریکە ووشک دەبن.
خەمێکی تری (دڵپاک)ی ژینگەدۆست، پاککردنەوەی مەنهۆڵی ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانە، ئەو دەڵێ ماوەی دوو ساڵە لە وەرزی زستان سەری مەنهۆڵەکان پاک دەکەمەوە، کە مەنهۆڵ هەیە ماوەی بیست ساڵ زیاترە وەکو پێویست پاک نەکراونەتەوە.
دڵپاک ماڵی لە قەزای چوار قوڕنەیە، ڕۆژانە کە دێتە ڕانیە، بە پارەی خۆی دێت ئەمەش ئەرکێکی مادی زۆر کەوتۆتە سەر، سەرجەم کارەکانیش بە خۆبەخشی ئەنجام دەدات، ئەو داوا دەکات هاوکاری بکرێ لە دابینکردنی ئۆتۆمبیلێک مانگانە لە پارەی کەمئەندامێکەی قیستەکەی لێوەربگیرێتەوە، وە بەو ئۆتۆمبیلە پێداویستیەکانی ڕۆژانەی پێ بگوازێتەوە، ئەو دەڵێ، ئەو کەلوپەلانەی پێمە کاتێ بە ئۆتۆمبێل هاتووچۆ دەکەم پارەی نەفەریان بۆ دەدەم، سەرەڕای خواردنی ڕۆژانە و پێداویستیەکانی تر کە هەمووی لەسەر ئەرکی خۆمن. ئێمەش وەکو ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی کاکە دڵپاکی ژینگەدۆست دەکەین، داواکارین کاربەدەستانی سنوورەکە و خەڵکانی خێرخواز و دەوڵەمەند ، بەشێک لە ئاواتەکانی بۆ بهێننەدی بۆ ئەوەی لە خزمەتکردنی ژینگەی سنوورەکەی بەردەوام بێت.
مەعرووف مەجید. سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.