بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، كە دوو تۆمەتبارین دەستگیركردووە لەسەر دزی و دەشڵێت: لە ڕۆژی پشووی سەرژمێریدا تاوانەکەیان ئەنجام داوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوو تۆمەتباری بەناوەکانی (ع. ک. ج) و (م. ف. ع) لە شاری هەولێر دەستگیر کرد، کە لە دوو تاوانی جیا و لە دوو کۆگای کەلوپەلی خواردەمەنی، بڕی (41) ملیۆن دیناری عێراقی لەگەڵ (6700) دۆلاری ئەمریکییان دزیبوو.
ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، کە لە ڕۆژی پشووی سەرژمێریدا تاوانەکەیان ئەنجام داوە و چۆڵیی شەقامەکانیان بە دەرفەت زانیبوو بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی چڕ و پلانێکی ئەمنیی تۆکمە لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەستگیر کران، کە دانیان نا بە تاوانەکەیاندا، بە بەکارهێنانی ماسک و چەندین کەلوپەل و ئامێری دیکە دزییەکانیان ئەنجام داوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.