ئەمڕۆ دوو شەممە 25-11-2024 محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە شاندێكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دەكات و دەڵێت: کە بەڕاستی سەمام ئەمان بووە بۆ گەلی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ژیاننامە و جێ پەنجەی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی كراوە، لەگەڵ باقی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی عێراق، لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی دیکتاتۆری و بەشداریکردن لە بنیاتنانی عێراقێکی نوێ، بەگوێرەی بنەماکانی دەستوور و دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان خەڵکی یەک نەتەوەدا.
سودانی ستایشی ڕۆڵە مێژووییەکانی سەرۆک کۆماری كۆچكردووی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە بەڕاستی سەمام ئەمان بووە بۆ گەلی عێراق و وتیشی، “پێویستە کار بۆ پاراستنی میرات و ئەرشیفەکانی بکەن و سەركەوتنەكانی ئەو و هێزە نیشتمانییەكان بناسێنرێت دژی دەسەڵاتی ستەمكاری و تاوانەكانی ڕژێمی دیكتاتۆری”.
هەروەك دامەزراوەی سەرۆك مام جەلالی ڕاسپارد، “كاری هاوبەش لەگەڵ تەواوی دامەزراوە و رێكخراوەكانی تر بكات، بۆ دانانی بەرنامەیەك لە تەواوی عیراقدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەكان”.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، شاندی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئاماژەیان بەكارەكانیان كردووە لەگەڵ كەسانی ئەكادیمی و زانكۆ گەورەكانی عیراق، بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، مافەکانی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، و پاراستنی ژینگە.
روونیشیان كردۆتەوە، کارەکانی دامەزراوەكە سنووردار نییە تەنها بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەوڵدەدات لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا کار بکات و چالاکی هەبێت.