شاندێكی فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا سەردانی سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵییان كرد و پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت: سەرۆكی دادگا پێشنیاری كۆبوونەوەی بەپەلەی بۆ مووچە كرد.
ئەمڕۆ شاندێكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و سۆران عومەر، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ و جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو و هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و مەریوان قەرەنی لە فراكسیۆنی پارتی سەردانی دادگای باڵای فیدڕاڵییان كرد و لەگەڵ دادوەر جاسم عەبود، سەرۆكی دادگاكە كۆبوونەوە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمان و بەشدار لە شاندەكە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەسەرۆکی دادگای فیدڕاڵیم وت، خەڵکی کوردستان دەڵێن: ئەگەر هەرێم پابەند نیە بە تەوتین و ڕادەستی داهاتی ناوخۆ ڕێگایەکی دیکە نیە سزای دەسەڵاتدارانی پێ بدرێ؟ هەر مووچەی خەڵک دوادەخرێ و نادرێت!؟
وتیشی، “حاکم جاسم، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی وتی: بڕیارەکەی دادگا تەفسیری جیاواز هەڵناگرێ و لەبوونی هەر ناکۆکیەکی سیاسیش پێویستە مووچەی خەڵکی هەرێم بەردەوام بێت”.
ئاشكراشی كرد، حاكم جاسم پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بۆ چارەسەری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لاى خۆشیەوە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لەگەڵ سەرۆکى دادگاى فیدراڵى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کۆبووینەوە؛ سەرۆکى دادگاى فیدراڵى وتى: دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان مانگانە لەگەڵ فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بدرێت.
ماوەی نزیكەی 55 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 تێپەڕیوە و ئەمڕۆ 25ی مانگی 11-یە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 10 نەدراوە و چارەنووسی دوو مووچەی مانگەكانی (11 و 12) نادیارە و غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سەبارەت بە مووچەی مانگی ١٢ جگە لە خوێندنی فاتیحە، ئومێدێكی ترم نیە بیدەم بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.