دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەڵویستی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت”دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجبکرێت”.
ئەمڕۆ 25ـی تشرینی دووەم، شاندێکی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق بەسەرۆکایەتی د.شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەردانی دادوەر جاسم محەمەد سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵییان کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیان پرسی مووچە جەختی لەسەر کرایەوە.
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای نزیک لە پارتی ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ڕاشکاوی ئەوەمان پێ ڕاگەیاندووە، وەزیری دارایی حکومەتی فیدڕاڵ ئامادە نییە واژۆ لەسەر ناردنی پارەی مووچەی مانگەکانی 10،11،12ـی فەرمانبەرانی هەرێم بکات و ئەمەش گرفتی بۆ مووچەخۆران دروستکردووە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی بە شاندەکەی وتووە دەبێت پرسی مووچە لەو بابەتە سیاسییانە دووربخرێتەوە، و پێویستە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەنێوان سەرۆکی حکومەتی عێراق و وەزیری دارایی عێراق و فراکسیۆنەکان رێکبخرێت تا بگەنە ئەنجامێک و ئیدی کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نەکرێت.
لەلایەکی ترەوە جەمال کۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند،”لە کۆبوونەوەکەدا دادوەر جاسم محەممەد پێیڕاگەیاندین لەڕووی یاسایی و مرۆییەوە پێویستە مووچەی فەرمانبەران دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و هەوڵی تەواوی خۆم دەدەم بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە”
ئەمڕۆ 25 ڕۆژ لەمانگی تشرینی دووەم تێدەپەڕێت و هێشتا مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دابەشنەکراوە، هاوکات گرفتی دارایی و سیاسی وایکردووە بەبەردەوامی کێشە بۆ مووچە دروستببێت، بەمپێیەش ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو هیچ مانگێک نەتوانرا لەوادەی خۆیدا مووچە دابەشبکرێت و هێشتا مووچەخۆران دوو مووچەی مانگەکانی 10و11 یان وەرنەگرتووە.