بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، حزبەکەی باوەڕی تەواوی بە رۆڵ و تواناکانی ژنان هەبووە و بەشێکی کاریگەربوون لە ئۆرگانەکانی حزبدا.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: “لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، پابەندیی خۆمان بە پشتگیریکردن، پاراستنی مافەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی ژنان دووپات دەکەینەوە. جەخت لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و تەندروستتر دەکەینەوە تاوەکو ژنانی کوردستان بەشداریی زیاتر و چالاکانەتریان هەبێت لە ناوەندەکانی بەڕێوەبردن و رۆڵی خۆیان لە بەرەوپێشبردنی وڵات و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتردا بگێڕن”.
باسی لەوەشکردووە: “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە هەمیشە پاڵپشتی ژنان و هەوڵە بێوچانەکانیان بووە لەپێناو بەگژداچوونەوەی توندوتیژی، هێنانەکایەی دادپەروەری و کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر. باوەڕی تەواوی بە رۆڵ و تواناکانی ژنان هەبووە و بەشێکی کاریگەربوون لە ئۆرگانەکانی حزبدا. بێگومان لە داهاتووشدا بە هەمان بڕوا و رۆحییەتەوە کاردەکەین و ژنان هاوکار و هاوشانمان دەبن بۆ هەنگاونان بەرەو کوردستانێکی ئاوەدانتر و خۆشگوزەرانتر”.
سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت: “ئەوەی لەم ڕۆژەدا پێویستە جەختی لێبکەینەوە، باوەڕی نەگۆڕمانە سەبارەت بە بەگژداچوونەوە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەهەرشێوەیەک دەبنە مایەی هەراسانکردنی ژنان و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان. لە هەر شوێنێک پێشێلکاری هەبێت، ڕووبەڕووی دەبینەوە و هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر. چونکە پێمانوایە هیچ دادپەروەری و یەکسانییەک لە کۆمەڵگەدا نایەتەدی، ئەگەر ژنان لە ئاشتی و سەقامگیریدا نەبن و هەڕەشە لەسەر ماف و خواستەکانیان بێت”.