سوپای ئیسرائیل ئاشكرای دەكات، حیزبوڵای لوبنانی 160 مووشەکی ئاڕاستەی باکور و ناوەڕاستی وڵاتەکە کردوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون، هاوكات بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئەو وڵاتە دەڵێت: بەهۆی فشارەكانی سەر حەمماسەوە ڕێككەوتن نزیكە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تا کاتژمێر (3:00)ـی پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆ یەک شەممە، حیزبوڵای لوبنان 160 مووشەکی ئاڕاستەی باکور و ناوەڕاستی وڵاتەکە کردوە و چەند کەسێک برینداربوون.
لای خۆشیەوە، حیزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: بە ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هەواڵگری (گالیلۆت)ـی ئیسرائیلیان لە تەلئەبیب بۆردومانکردوە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی ئاراستەکردنی مووشەکەکانەوە جموجووڵی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە ڕۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤ ڕاوەستا، هەروەها دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوەندی ئیسرائیل بیستران.
ڕۆژنامەی( ئۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ یەك شەممە لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمنی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردە، “ئەو فشارە سەربازییەی خراوەتە سەر حەماس و هاوپەیمانەکانی، ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان لە جاران نزیکتر كردوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بەرپرسانی ئەمنی پێیان وایە حەماس لەژێر فشارێکی بێئەندازەدایە، چونکە چیتر ناتوانێت لەگەڵ حزبوڵای لوبنان هەماهەنگی بکات، کە لە پێکدادانی توندایە لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل، یان لەگەڵ ئێران کە لە ئێستادا سەرقاڵی پرسەکانی خۆیەتی”.
لە ٢٣ی ئەیلولی ئەمساڵەوە، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبوڵای لوبنان دەستپێکردوە و لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 670 کەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوژراون.