وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند ئێران هەناردەکردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرت و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمدەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی نۆژەنکردنەوەوە، هەناردەکردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرتووە کە بە هۆیەوە بەرهەمهێنانی 5500 مێگاوات لە کارەبای بەغدا و ناوەڕاستی عێراق لەدەستدراوە.
ڕوونیشیکردەوە کە کارەکانی نۆژەنکردنەوە 15 ڕۆژ دەخایەنێت و وەزارەتەکەشیان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کارەبایەی لەدەستچووە، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات.
بە پێی ڕێککەوتنی پێشووی نێوان هەردوولا، دەبوو ئێران ڕۆژانە 25 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بۆ عێراق هەناردە بکات، بەڵام ئەمڕۆ حەوت ملیۆن نێردراوە.
وەزارەتی کارەبا داواشی لە “هەموولایەک کرد” دۆخەکە لەبەرچاوبگرن تا ئەو کاتەی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی سیستمەکەی ئێران کۆتاییان دێت و ئاستی هەناردەکردن ئاسایی دەبێتەوە.