ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، لە سبەینێ دووشەممەوە پارتی ئامادەیە لەگەڵ لایەنەکانی تر کۆببێتەوە و دانوستاندن بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی ئاماژەی بەوە کرد، پارتی لەگەڵ هیچ لایەنێک هێڵی سوری نییە و دەیەوێت حکومەتێکی بنکە فراوان پێکبهێنرێت.
لە بارەی دۆخی ناوچەکەشەوە وتی: “ناوچەکە لەناو تونێلێکدایە، کۆتاییەکەی دیار نییە”<
دەشڵێت: “شانسی ئێمە، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین کە بەردەوام کێشە و شەڕی لێ هەبووە، لە هەمان کاتدا لانکەی شارستانییەتیش بووە. دەبێت لە خوا بپاڕێینەوە و نزا بکەین، ئەو شەڕەی ئێستە لە ناوچەکە هەیە، بوەستێت”.
پێشتریش، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاندبوو، پارتی دەیەوێت هەموو لایەنەکان شان بدەنە ژێر بەرپرسیارێتی و بەشدارییان هەبێت لە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت سەردانی لایەنەکان دەکەن.
هاوکات، عوسمان بانیمارانی سەرکردەی یەکێتی ڕایگەیاندبوو، پارتی دەبێت نەرمی بنوێنێت بەرامبەر پێکهێنانی حکومەت، تا شەرعییەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە.