شارەزایەكی ئابووریی عێراقی تێچووی دارایی و ئابووری سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئاشكرادەكات، كە هێندەی مووچەی مانگێكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە و ڕایدەگەیەنێت، دەكرا بەبێ قەدەغەی هاتووچۆ كارەكە بكرێت.
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووریی عێراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕوونی كردۆتەوە، تێچووی دارایی ڕاستەوخۆی سەرژمێری 459 ملیار دینارە و تێچووی پەکخستنی دەوامی فەرمی 492 ملیار دینار، كە کۆی تێچوون دەكاتە ٩٥١ ملیار دینار.
ڕاشیگەیاندووە، تێچووی ئابووری بە هۆی وەستانی چالاکییە ئابوورییە گشتی و تایبەتییەکانەوە بەرەو فراوانبوون دەچێت و لە ئەنجامدا زۆرێک لە تاکەکان و پێکهاتە ناوخۆییەکان کاریگەرییان لەسەر دەبێت، بەتایبەتی گروپە هەژارەکان، کە لە کاتە ئاساییەکاندا ڕۆژانە پشت بە پەیداکردنی بژێوی ژیانیان دەبەستن و پاشەکەوت ناکەن.
ڕاشیگەیاندووە، دەکرا سەرژمێری دانیشتووان بەبێ ئەوەی پێویستی بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی گشتگیر بێت لە وڵاتەکەدا جێبەجێ بكرایە، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی کۆکردنەوەی زانیارییەکان بۆ چەند هەفتەیەک.
جەختیشی كردۆتەوە، باشترە تێچوونەکان پاشەکەوت بکرێن و گروپە لاوازەکان و کرێکارانی کەرتی تایبەت لەبەرچاو بگرن.