ماوەی 51 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 تێپەڕیوە و ئەمڕۆ 22ی مانگی 11-یە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 10 نەدراوە و چارەنووسی دوو مووچەی مانگەكانی (11 و 12) نادیارە و مامۆستایانیش زەنگی بایكۆت لێدەدەن و دەڵێن: لە یەك شەممەوە بایكۆت دەستپێدەكەنەوە.
فەرمانبەران و مامۆستایانی سلێمانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و گرووپی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی زەنگی بایكۆتیان لێدا و دەڵێن: یەك شەممە لە قوتابخانە و فەرمانگەكان بایكۆت دەستپێدەكاتەوە.
ڕاشیانگەیاندووە، ڕاهێنەران و لیژنەی دەرەکیش کارەکانیان ڕاگرن و پشگیری بایکۆتی یەک شەممەی مامۆستایان بکەن.
دڵشاد میـرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بڵاویكردەوە، “تاکۆتایی ئەم هەفتەیە چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 10و 11 و12 لەگەڵ تەوتینی فەرمانبەران یەکلایی نەکرێتەوە، ئەوا بایکۆت و خۆپیشاندانەکان و مانگرتن بەمیکانیزمی نوێ لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان دەستپێدەکەینەوە.”
لای خۆشیەوە، مامۆستا سامان عەلی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “ساڵی پار كابینەی ٩ بەداهاتی نەوت و ناوخۆ و مەرزەكان و گومرگ و سێ قەرزی ٧٠٠ ملیاری بەغدا، ٣ مووچەی فەرمانبەرانی نەدا و بەسانایی بەسەریاندا تێپەڕی و ئەمڕۆش هەر ئەوانن دەسەڵاتدار”.
نووسیویشیەتی، “بابزانین پەرلەمانتارە كوردەكانی عێراق بۆ موچەكانی ١١و١٢ چییان پێئەكرێت؟! هەرچەندە من ئومێدم پێیان نیە”.
ماوەی 22 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر مانگی 11دا و هێشتا مووچەی مانگی 10 دابەش نەكراوە و چارەنووسی مووچەی مانگەكانی 11 و 12ش نادیارە.