دوای درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ئەمڕۆ بە مەبەستی سەرژمێری دانیشتووان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێویستمان بە هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ نابێت.
عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی دوایین داتا کە لەبەردەستماندایە، تا کاتژمێر 04:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە نزیکەیی 97%ی کارەکانی سەرژمێری لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو کراون.
ڕاشیگەیاندووە، کارەکانی سەرژمێری بەردەوامن و بە ئەگەری زۆرەوە، پێش کاتژمێر 12:00ی ئەمشەو دەگەینە ڕێژەی 100%ی سەرژمێری دانیشتووان.
ئاشكراشی كردووە، پێویستمان بە هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ نابێت، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە هەر ئەمڕۆ کارەکانمان تەواو دەکەین.
عەمید میقداد میری، وتەبێژی لیژنەی باڵای ئاسایش بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتووان و نیشتەجێبوون ڕایگەیاند، بڕیاردرا لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لەنێوان پارێزگاکان هەڵبگیرێت.
بۆ یەکەمجارە لەدوای 37 ساڵ، سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە دەکرێت و دوو ڕۆژ قەدەغەی هاتووچۆ كرا (چوار شەممە و پێنج شەممە) و بۆ ئەمڕۆش هەینی قەدەغەی نێوان شارەكان تازەكرایەوە، بەڵام لەناو شارەكان قەدەغە هەڵگیرا.