سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لە وتارێكدا لە دهۆك بە كوردی قسەی كرد و ڕایگەیاند، چەندین کۆمەڵکوژی لە ناوچەکەمان ڕوویانداوە، ئەوەی لە فەلەستین ڕوودەدات هاوشێوەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەیە.
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا و سەرۆكی پارتی ئایندە لە كۆڕبەندی (مێپس-2024) لە دهۆك ڕایگەیاند، خۆشحاڵم بە بینینەوەی مەسعود بارزانی و بە “دۆستێکی نزیک”ـی خۆی ناو برد.
ڕاشیگەیاند، سایكس – پیكۆ هەموومانی دابەش كرد، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئێمە چۆن یەك بگرینەوە؟ دەبوو دەوڵەتی فەڵەستین لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دروست بكرایە، بەڵام دروست نەكرا، ئەمەش ڕەگوڕیشەی كێشەكانی دۆزی فەڵەستینە. هاوكات هیچ پابەندییەك لە ماوەی 67 ساڵی ڕابردوودا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی فەڵەستین نەبووە.
وتیشی، “چەندین کۆمەڵکوژی لە ناوچەکەمان ڕوویانداوە، ئەوەی لە فەلەستین ڕوودەدات هاوشێوەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەیە”.
داود ئۆغڵۆ ڕوونیشی كردەوە “عێراقییەكان لەدوای ڕووخانی سەدام شان بەشانی یەك وەستان، ئەمەش شتێك بوو كە دەمانەویست بیبینین”.
بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە ناوچەكە، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا بە پێویستی زانی “ئێمە سەرنجمان لەسەر بەهاكانی مرۆڤایەتی بێت، نەك بەهاكانی وەك تورك و عەرەب و كورد. من ناڵێم نابێت بایەخ بە سنوورەكان بدەین، بەڵام گرنگە كورد و توركمان و عەرەب ئازاد بن لە هاتووچۆكردنی سنوورەكان”.