بەهۆی تەواو نەبوونی سەرژمێری و تۆمارنەكردنی بەشێكی هاووڵاتیان،، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، ئەمڕۆش هەینی كاری تیمەكانی سەرژمێری، کە کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و نیشتەجێبووانن لە سەرتاسەری عێراق، بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ هەینی ٢٢ـی ١١ـی ٢٠٢٤، ، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم هاووڵاتیان کردووە، هاوکاری تەواوی تیمە گەڕۆکەکان بن و زانیاری دروستیان پێشکەش بکەن، بەمەبەستی سەرخستنی سەرژمێری.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمڕۆش هەینی، كاری تیمەكانی سەرژمێری بەردەوام بێت تاوەكو كۆی دانیشتووان تۆمار بكرێن.
هەرچەندە بڕیاربوو کاتژمێر ١٢ـی شەوی ڕابردوو کاری سەرژمێری تەواوبکرێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی چەند گرفتێکەوە ئەمڕۆش درێژکرایەوە و بڕیارە تا کاتژمێر ١٢ـی ئەمشەو بەردەوام بێت.
عەمید میقداد میری، وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێریی گشتی لە عێراق رایگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆ لەناو پارێزگاکان کاتژمێر 12ی ئەمشەو کۆتایی هات، بەڵام قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکان تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، بەمەبەستی تەواو کردنی کارەکانی سەرژمێری دانیشووان.
لە بەیانی ڕۆژی چوار شەممەوە قۆناغی دووەمی سەرژمێری، کە پشتڕاستکردنەوەی داتا سەرەکییەکانی دانیشتووانە دەستی پێكرد و تاوەكو 12ی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو، قۆناغی سێیەمی سەرژمێری، کە بە قۆناغی پرسیارکردنی ورد و تۆمارکردنی زانیارییە تایبەتەکان ناسراوە و نزیكەی 70 پرسیارە، بۆ ماوەی 20 ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت.