شارەزایەكی كەشناسی پێشبینییەكانی خۆی بۆ دۆخی كەشوهەوای هەرێم لە كۆتاییەكانی وەرزی پاییز و وەرزی زستانی ئەمساڵ بڵاودەكاتەوە و پێی وایە، “ئەمساڵ بەفر و سەرما و سۆڵە زیاتر دەبێت”.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “سەرما و سۆڵە و بەفربارین ئەمساڵ زیاتر دەبێت و پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەم مانگە و مانگی داهاتوو تاوەكو مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو چەندین شەپۆلی سەرما و سۆڵەی توند ناوچەكانمان بگرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەرماكە بەشێوەی وشكەسەرما دەبێت و دادەبەزێتە ناوچەكانمان و هەندێك جار بای لەگەڵ دەبێت و ئەگەری بەفربارین هەیە بۆ تەواوی ناوچە شاخاوییەكان و ئەو ناوچانە و گوند و شار و شارۆچكانەی كەوتوونە نزیك چیاكان.
دەشڵێت، “بە گشتی ئەمساڵ و زستانی بە تایبەتی ساردتر دەبێت بە بەراورد بە چەندین ساڵی ڕابردوو ئەگەری بەفریش لە ساڵی ڕابردوو زیاتر دەبێت بەپێی لێكدانەوەكانمان و لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە یەكەم شەپۆلی سەرما و سۆڵەی بەرفراوان تەواوی ناوچەكان دەگرێتەوە”.