سەرۆک کۆماری ئێران داوا لە پاپا فرانسیس دەکات کە هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ بخات وڕۆڵ ببینێت لە ڕاوەستاندنی شەڕ لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و پێگەی بەهێزی خۆی بەرامبەر وڵاتانی پەیڕەو لە ئاینی مەسیحییەت بەکاربهێنێت و داوایان لێبکات کە دەستبەرداری شەڕ ببن لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی هەواڵی(فارس)ی نیمچە فەرمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٠-١١-٢٠٢٤ ڕایگەیاند؛ مەسعوود پزشکیان، لە بەیاننامەکدا، پەیامێکی ئاڕاستەی پاپا کردووە و داوای: “هاندانی سەرکردەکانی جیهانیلێکردووە، بەتایبەتی حکومەتە مەسیحییەکان، بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی ئەو دەستدرێژییانەی کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات”.
ئاژانسە ئێرانییەکە باسی لەوە کردووە، شاندێکی ئێرانی کە بەشداریی لەچالاکییەکی دیالۆگی نێوان ئایینەکان لە ڤاتیکان کردووە، پەیامەکەی گەیاندووەتە پاپا.
هەروەک لە بەیاننامەکەیدا پزیشکیان وتویەتی: تاران ئامادەیە هاوکاری بنیاتنەرانە لەگەڵ ڤاتیکان بکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و دادپەروەری لە جیهاندا.
ئێران لە ساڵی ١٩٥٤ەوە پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی لەگەڵ ڤاتیکان هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران نامەیەکی بۆ پاپا فرانسیس نارد و ستایشی “هەڵوێستەکانی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلام و مەسیحییەت” کرد.
هەفتەی ڕابردوو پاپا فرانسیس پێشنیاری کرد، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە بکات دەربارەی ئەوەی ئایا هەڵمەتەسەربازییەکانی ئیسرائیل لەکەرتی غەززە دەچنە خانەی جینۆساید لە دژی گەلی فەلەستین یان نا.
ئیسرائیل دەڵێت تۆمەتی جینۆساید لە هەڵمەتە سەربازییەکەیدا بۆ سەر کەرتی غەززە بێ بنەمایە و تەنیا چەکدارانی حەماس دەکاتە ئامانج.
پاپا فرانسیس، سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی کە شوێنکەوتووانی بە نزیکەی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێن، لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا لایەنگر نییەو جەخت لەسەر گرنگی هەوڵەکانی بۆ سەقامگیری ئاسایش دەکاتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا ڕەخنەکانی بەرامبەر ئیسرائیل پەیوەست بەشەڕ دژی حەماس چڕتر کردووەتەوە.