ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
لەناو پرۆسەی کوردبوون و نەتەوەییبوون و کوردستانییەتی ئەو ناوچانەی پێیدەوترێت (ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم)، هەمیشە کەرکوک تەفسیرێکی جوان و راستگۆیانەتر دەداتە کوردبوونمان، تا کەرکوک حیکایەتخوانی چیرۆکی کوردبوون و کوردستانییەتی کەرکوک بێت، هیچ کەس و بەرەو حزبێک ناتوانێت قسە لەسەر کاڵبوونەوەی ناسنامەی کوردبوون و کوردستانییەتی ئەو ناوچانە بکات و کوردایەتیی دابەش بکات بۆ رەنگ و جۆر و مانای جیاواز.
کوردایەتیی لە کەرکوک هەمیشە لە دوا پلەی بڕوابوون و نەگۆڕیدا خۆیمان پیشان دەدات، هەم بۆ کەس نییە و هەم هێزێکی بەردەوامیی و وجوودێکی نەمرە، کوردایەتیی لە فۆرمە کەرکوکییەکەیدا نە وێنەی هەیە و نە دەیبێت، نە هیچ تەفسیر و گومانێکی هەڵە و نەرێنی هەڵدەگرێت و نە لەژێر پەستانی ناوخۆیی و ئیقلیمیدا پاشەکشێ دەکات، ئەم کوردایەتییە بەتەواوی دەمانکاتەوە بەشێک لەناواخنی ئەو خەباتەی بۆ کەرکوک کراوە بەدرێژایی مێژوو.
لەهەر کوێی باشووری کوردستان دەستکاری هەر مانا و بەهایەکی باڵای کورد و کوردستان کرابێت، ئەوا لەکەرکوک وێنەکە لەهەموو شتێک عەقڵانیتر و راستترە، شانازییەک کە دەکرێت بەچاوی رێز و موقەدەس لێی بڕوانین، کوردایەتیی کەرکوک و کەرکوکییەکانە، ئەم کوردایەتییە دواین پنت و هێزی کوردایەتییە بە بەری نەتەوە و خاکدا دەکرێتەوە، ئەم کەرکوکییانە بەتەنها بەهێندەی براکانمان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان خزمەتیان بە زیندووهێشتنەوەی ناو و ناوبانگی کورد و کوردستان کردووە، چونکە لەو کاتەدا بارودۆخی نەتەوەیی و نیشتمانیمان دەگاتە نەخۆشکەوتن و خوێنبەربوون و سەرەمەرگ!، ئەوان دێن و گۆچانی سیحرییان لەم شارە دەدەن و هێز دەکەنەوە بەبەر گیانی کوردایەتیی و کوردستانییەتی ئەو ناوچانەدا.
نەک تەنها لەسەرژمێریدا، لە دەیەیەکی رابردوودا، چەندجارێک سیناریۆی ئەهریمەنی دژی کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرا، وەک داعش، ریفراندۆم، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە (سێجار لایەنی ئیقلیمی داوادەکەن رێبوار تەها نەکرێتە پارێزگار)، تێکدانی دۆخی ئەمنیی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە و….هتد، بەڵام هەموو ئەمانە بۆ کەرکوکییەکان بووە هێز و بەردەوامی زیاتر، کەواتە بەڵێ، کەرکوک قودسی کوردستانە.
پرسێکە رەگی لەناو مێژووی سیاسی و خەباتی چەکداری و دواتر دیموکراسیماندا هەیە و ئەمە لە مێژوومانەوە مانای وەرگرتووە.