مووشەکە دوورهاوێژەکان ئاگری شەڕ بڵێسەدار دەکەن



دوای هەزار ڕۆژ لە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین، بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە دووپاتی کردەوە کە سوپاکەیان بە مووشەکی ” ATACMS”ی دروستکراوی ئەمەریکایی قوڵایی خاکی ڕووسیایان بۆردومان کردووە.

 

لە بەیاننامەیەکدا ڕووسیا ڕایگەیاند؛ ئۆکراین، مووشەکی دوورمەودای دروستکراوی ئەمریکای ئاراستەی خاکی وڵاتەکەی کردووە، لە هێرشێکدا کە یەکەم جارە لەوەتەی شەڕی نێوانیان هەزار ڕۆژی تێپەراندووە.

 

هاوکات مۆسکۆ بەرامبەر ئەم هەنگاوەی کیێڤ، دووبارە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات.

 

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئۆکراینی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە؛ کە ئۆکراین بە مووشەکی ” ATACMS”ی ئەمریکی ڕووسیای کردووەتە ئامانج، هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکایش ئەو هەواڵەی بۆ ڕۆیتەرز پشتڕاست کردووەتەوە.

 

لای خۆیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئۆکراین بۆ سەر ڕووسیا بە مووشەکی دوور مەودا، “قۆناغێکی نوێ” لە ململانێکان پێکدەهێنن و وەڵامی “گونجاو”ی ئێمەش دەبینن.

 

لاڤرۆڤ، ئۆکراین و ڕۆژئاوای تۆمەتبارکرد بەوەی ئاگری شەڕەکە جۆش دەدات و  بەبێ هاوکاری ئەمریکییەکانیش ناتوانێت مووشەکی دوور مەودا ئاڕاستەی ڕووسیا بکات.

 

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە پێداچوونەوە بە هەوڵ و پڵپشتییەکانیان بکەن و  بنەما و یاسای نوێی نوێی ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕەچاو بکەن.

 

هەڵوێستەکانی ڕووسیا دوای ئەوە هات کە ئیدارەی دەستلەکارکێشاوەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن دەسەڵاتی بە ئۆکرایندا کە مووشەکی دوور مەودای ” ATACMS” بەرەو قووڵایی خاکی ڕووسیادا هەڵبدات، کە هێڵی سووری مۆسکۆیە.

 

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی ڕاگەیاندنەوە گواستراوەتەوە، ڕایگەیاندووە: “دوژمن بە شەش مووشەکی بالیستیک لە ناوچەی برایانسکدا هەنگاوی نوێی دەستپێکردووە، بەپێی داتا پشتڕاستکراوەکان، مووشەکی ” ATACMS” بەکارهێنراون”.

 

لەڕاگەیەندراوەکەیدا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت، بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی پێنج مووشەکیان خستۆتە خوارەوە، لەکاتێکدا پارچەکانی مووشەکی شەشەم کەوتوونەتە سەر “دامەزراوەیەکی سەربازی” کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی سنووردار، ئاماژەی بەوەشکردووە، “هیچ بریندار و زیانێک نەبووە”.

 

ئۆکراین ماوەی چەند مانگێکە داوا دەکات واشنتۆن ڕێگەی پێبدات مووشەکەکانی ” ATACMS” بۆ مەودای دوورتر بەکاربهێنێت بۆ لێدانی قۆڵای خاکی  ڕووسیا.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو فەرمانێکی واژۆکرد کە بەکارهێنانی نوێی ئەتۆمی وڵاتەکەی بە فەرمی دەکات، کە مەودای پەنابردن بۆ چەکی ئەتۆمی فراوانتر دەکات، بۆ ئەوەی بەکارهێنانیشی لەخۆ بگرێت لە وەڵامی هەر هێرشێکی ئاسمانی “گەورە” کە لەلایەن دەوڵەتێکەوە دەستیپێکردووە کە نایەتە ناو خانەی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لەلایەن هێزێکی ئەتۆمیەوە پشتگیری دەکرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ئۆکراین و ئەمریکا.

 

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاند، “پێویست بوو بناغەکانمان لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا بگونجێنین”، لەبەرامبەر ئەو شتانەی پوتین بە “هەڕەشە”ی دەزانێت کە لە ڕۆژئاواوە سەرهەڵدەدەن دژی ئاسایشی ڕووسیا.

 

دوای ئەوەی ئۆکراین مووشەکەکانی ” ATACMS” بەکاردەهێنێت چی ڕوودەدات؟

 

زێلێنسکی داوایکرد سزای توندتر بخرێتە سەر کەشتییە ڕووسیەکانی گواستنەوەی نەوت، هەروەها ناردنی چەکی زیاتر بۆ لێدانی ئامانجە سەربازییەکانی ڕووسیا وەک کۆگاکانی تەقەمەنی، بۆ ئەوەی پوتین بەرەو مێزی دانوستان پاڵ بنێت.

 

سەرۆکی ئۆکراین هۆشداریشیدا لەوەی پوتین لە پێناوی سەرکەوتندا، ڕەنگە ژمارەی ئەو هێزانەی کۆریای باکوور لەسنوورەکانی ئۆکراین جێگیرکراون لە 11 هەزار سەربازەوە بۆ 100 هەزار سەرباز زیاد بکات.

 

لە نامەیەکدا کە بەتایبەتی ئاراستەی ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیای کردووە، ڕەخنەی لە سەرکردەکانی ئەوروپا گرتووە کە سەرنجیان لەسەر سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان “لە سەر حیسابی ئۆکراین”ە لە کاتێکدا پوتین سەرنجی لەسەر سەرکەوتنی جەنگە.

 

وتیشی: “هەزار ڕۆژ شەڕ تەحەدایەکی گەورەیە”.

 

هێرشکردنە سەر ڕووسیا بە چەکی ڕۆژئاوا، ئۆکراین بەرەو کوێ دەبات؟
پێت هێرشکردنە سەر ڕووسیا بە چەکی ڕۆژئاوا، ئۆکراین بەرەو کوێ دەبات؟
ئەو کەسانەی ناسنامەی باب و باپیرانیان ساڵی 57ە دەتوانن لە کەرکووک خۆیان تۆمار بکەن
دوات ئەو کەسانەی ناسنامەی باب و باپیرانیان ساڵی 57ە دەتوانن لە کەرکووک خۆیان تۆمار بکەن
پەیوەنیدر