بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، کێشەی تەکنیکی تابلێتەکانیان چارەسەر کردووە و لە ئێستاشدا پڕۆسەکە بەرەو قۆناغی دووەم دەڕوات.
سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێریی لە هەرێم، ڕاگەیاند: “پرۆسەی سەرژمێری لە 17ـی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە و بۆ تۆمارکردنی خێزانەکان، هەوڵمانداوە زۆربەی ئەو خێزانانەی کە لە یەکەکانی نیشتەجێبوونن تۆمار بکەین بە شێوەیەکی ڕاست و دروست”.
وتیشی: “پرۆسەکە بەرەو قۆناغی دووەم دەڕوات، لە هەرێمی کوردستان توانیمان نزیکەی %90ـی خێزانەکان تۆمار بکەین، دوێنێ و پێرێ کێشەی تەکنیکی زۆر هەبوو لە تابلێتەکان، بەهۆی وشەی بەکارهێنەر، لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە هەبێت لەسەر تابلێتەکان کێشەی تێدابوو، توانیمان ئەو گرفتە لەگەڵ بەغدا چارە بکەین، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتە هەندێک خێزان ناویان تۆمار نەکراوە”.
بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم دەشڵێت: “ئەمڕۆ و سبەینێ سەرژمێرییەکە درێژەی پێدەدرێت و تۆمارکردنەکان بەردەوام دەبێت، بژمێرەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دووبارە سەردانی خێزانەکان دەکەن، تا هەر کێشەیەک لە هەر ئەندامێکی خێزنێک ڕووی دابێت لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، چاک بکرێتەوە و داتاکان تەواو بکرێت”.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و تا سبەینێ پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.