پوتن پەسەندی کرد: مووشەکی بالیستی بە چەکی ئەتۆمی وەڵام دەدەینەوە



ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا پلانی “وەڵامدانەوەی ئەتۆمی” پەسەند کرد کە ڕێگە دەدات بە چەکی ئەتۆمی وەڵامی ئەگەری ھێرشی مووشەکی بالیستی بۆ سەر وڵاتەکەی بدرێتەوە.

بەپێی ئەو بڕیارنامەیەی کە ئەمڕۆ سێشەممە، ڤلادیمێر پوتن واژووی کردووە، چەند نوێکارییەک لە مەرجەکانی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی ڕووسیادا کراوە.

لە کاتێکدا لە پلانە نوێیەکەدا ڕێگە دراوە بەوەی ئەگەر وڵاتێک بە پشتیوانی وڵاتێکی دیکەی خاوەن چەکی ئەتۆمی ھێرشی مووشەکی بالیستی بۆ سەر خاکی ڕووسیا ئەنجام بدات، ڕووسیا بە چەکی ئەتۆمی وەڵام بداتەوە، ئەو ھێرشانەشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان فڕۆکەی جەنگیی ئەنجام دەدرێن خراونەتە ئەو چوارچێوەیەوە.

ھەروەھا لە کاتێکدا “ھێرشکردنە سەر ڕووسیا لەلایەن ئەندامێکی ھاوپەیمانییەوە” بە پەرەسەندنێک پێناسە دەکرێت کە دەتوانێت بە چەکی ئەتۆمی وەڵام بدرێتەوە، ھاوکات تەواوی ئەندامانی ئەو ھاوپەیمانییەی ئەو وڵاتەی تێدایە وەک لایەنی ئەگەری ئەو ھێرشە ئەژمار دەکرێن.

سەرۆکی ڕووسیا پوتن، لە ٢٥ی ئەیلوودا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەیدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دۆخی سەربازی-سیاسی مۆدێرن گۆڕاوە و ڕایگەیاند: “گرنگە پێشبینی پەرەسەندنی دۆخەکە بکرێت و بەو پێیەش پلاندانانی ستراتیجی لەگەڵ ڕاستییەکانی ئێستادا بگونجێندرێن”.

لەلایەکی دیکەوە، لە ١٧ی تشرینی دووەمدا ھەواڵی ئەوە لە میدیای ئەمریکادا بڵاوکرایەوە کە حکومەتی ئەو وڵاتە ڕێگەی بە ئۆکراینا داوە چەکە دوور مەودا ئەمریکییەکان بەشێوەیەکی سنووردار لە خاکی ڕووسیادا بەکاربھێنێت.

سەبارەت بەو بانگەشانە دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملین دوێنێ ڕایگەیاند: “ئەمە شێوازی بەشداری کردنی ئەوان (ئەمریکا) لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆکراینا بە شێوەیەکی ڕیشەیی دەگۆڕێت”.

بڕیاری لێخۆشبوون بۆ قەرزێکی سەر هاووڵاتیان دەرچوو
پێت بڕیاری لێخۆشبوون بۆ قەرزێکی سەر هاووڵاتیان دەرچوو
یەکەم سەرمای بەهێز و شەپۆلی بەفرو باران دەستپێدەکات
دوات یەکەم سەرمای بەهێز و شەپۆلی بەفرو باران دەستپێدەکات
پەیوەنیدر