سودانی: باشترین ڕێگەی سەردەمیانەمان بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێری گرتووەتە بەر



سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “سەرژمێریی ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان” و داواش لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاریی دروست بدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتارێکی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.

سودانی داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێریی بکەن، پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن، زانیاریی دروست بدەن و گوێ لە دەنگۆ ناڕاستەکان نەگرن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: “سەرژمێری تەنها چەند ژمارەیەک نین کە کەڵەکە دەبن، بەڵکو هێڵی دابەشکەری نێوان پێشبینی و ڕاستییەکانە و ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان”.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی: “سەرژمێری پایەی گەشەپێدان و پێشکەوتن و پێشکەوتنی کارگێڕی و خزمەتگوزارییە و پەیوەندی بە بابەتەکانی پەیوەست بە باج یان بیمەی کۆمەڵایەتی نییە”.

جەختی لەوەشکردەوە “باشترین ڕێگەی سەردەمیانەمان گرتووەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەیەکی ورد و زانستی و ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی خزمەت بە ئێستا و داهاتووی عێراقییەکان بکات”.

ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لەو دوو ڕۆژەدا ڕاگەیەندراوە.

یەکەم سەرمای بەهێز و شەپۆلی بەفرو باران دەستپێدەکات
پێت یەکەم سەرمای بەهێز و شەپۆلی بەفرو باران دەستپێدەکات
کاریگەرییەکانی جۆری گرووپی خوێن لەسەر تەندروستیت دەزانیت؟
دوات کاریگەرییەکانی جۆری گرووپی خوێن لەسەر تەندروستیت دەزانیت؟
پەیوەنیدر