وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم، وەزارەت و فەرمانگەكان لەبارەی ئامادەکردنی لیستی مووچە ئاگادار دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، ئەمڕۆ دواین وادەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی 11یە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی لەبارەی چۆنیەتیی ناردنی لیستی مووچەی مانگی 11 ئاگادار كردووەتەوە.
دەشڵێت: “دەبێت لە لیستی مووچەدا گشت فەرمانبەران ناویان لە لیستدا هەبێت و بە میلاك هەژمار بكرێت، مووچەخۆران و ئەوانەیشی مۆڵەتی بێمووچەیان هەیە، دەبێت بنووسرێن”.
داواش كراوە، كە: “ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان هەیە و لەدەرەوەی وڵاتن و بایۆمەترییان نییە، دەبێت دیاری بکرێن”.
لە نووسراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: “دەبێت گشت فەرمانبەران کۆدی (UPN)یان هەبێت و 13 ژمارە بێت و نابێت لە لیستی مووچەدا دووبارە بێتەوە”.
بەپێی نووسراوەکە، “نابێت ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەبێت، ئەگەر لە لیستی مووچەدا ناوی دووبارە هەبوو، بەڵام یەك كەس نەبوون و دوو كەسی جیا بوون، پێویستە ناوی دایكیان بنووسرێت”.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، لیستی جیاوازی مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ لیستی مووچە بە سیدییەکی جیاواز و بە کاغەز بۆ دارایی بنێردرێت.
بەپێی نووسراوەكە، ئەو ژمێریارییانەی سیستەمی ناوەندی مووچە بەکار دەهێنن، تەنیا لە ڕێگەی ئەو سیستەمەوە لیستی مووچەیان لێ وەردەگیرێت.
لای خۆیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە: “ئەوەی دارایی فیدڕاڵی داوای کردووە، لیستی مووچە بەو شێوەیە دەنێردرێت و ئێمه پیشەییانە لیستەکە ئامادە دەکەین”.
بەرپرسەکە ئەوەشی خستە ڕوو “ئەمڕۆ 19ی 11، دواین وادەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی 11یە بۆ وەزارتەکەمان، چونکە لەنزیکترین کاتدا لیستەکە دەدرێته دارایی فیدڕاڵ”.
وەزارەتی دارایی زیاتر لە 15 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی 10ی بۆ دارایی فیدڕاڵ ناردووە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 10ی خەرج نەکردووە.