پەرلەمانتارێكی نزیك لە نوری مالكی كاتی پەسەند كردنی بودجەی ئەمساڵی عێراق ئاشكرای دەكات و دەڵێت: “ناكۆكی نێوان ناوەند و هەرێمی كوردستان بەردەوامە و پێویستی بە بڕیارێكی بوێرانەیە”.
عەبدولهادی موحان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی (ئیرس نیوز) ڕایگەیاندووە، پەسەند كردنی یاسای بودجە دەكەوێتە مانگی حوزەیران یان دواتر ئەوەش بەهۆی ناكۆكی توندی نێوان هەرێم و ناوەند، هەروەها بەهۆی بەرنامەی سەرۆك وەزیران بەپێی بەرنامەی حكومەت بۆ جێگیر كردنی هەندێك ماددە لە بودجەدا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق تا ئێستا چارەسەر نەبوو، چونكە كوردستان نەوتەكەی بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بە توركیا فرۆشتووە و پارەیەكی زۆری وەرگرتووە تاوەكو ساڵی ٢٠٢٤.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، “هەرێمی كوردستان خاوەنی یەك بەرمیل نەوت نییە تاوەكو بیداتە حكومەتی ناوەندی و پابەندییەكانی جێبەجێ بكات”.
موحان وتویەتی، “هەرێمی كوردستان ڕێگا نادات بە حكومەتی عێراق دەستوەردان بكات و كۆنتڕۆڵی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان بكات، هەروەها زانیاری لەسەر باج و ڕسوماتەكانی ناو هەرێم نادات بە حكومەتی فیدڕاڵی و ڕێگەش نادات بە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی بۆ چوونە ناو هەرێم بۆ وردبینی سەرجەم زانیارییەكان و لیستی فەرمانبەران”.
عەبدولهادی موحان دەشڵێت: “ئەو كێشانە پێویستیان بە بڕیاری بوێرانەی كوتلە سیاسییەكان و سەرۆك وەزیران هەیە هەروەها لیژنەی دارایی تاوەكو بتوانرێت بودجە تێپەڕێنرێت”.