قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە شاندێكی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا-کوردستان بە سەرۆکایەتی دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کوردستان.
قوباد تاڵەبانی، کە خۆی لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا – کوردستانە، پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجومەنەکە دووپات کردەوە و هیوای خواست ژمارەی کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەنجوومەنەکە زیاترببێت و راشیگەیاند؛ ساڵ لە دوای ساڵ ئەنجوومەنەکە گەورەتر دەبێت و ئەوە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی خواستی کۆمپانیاکان و بازرگانانی ئەمریکا بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەزیادبووندایە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، کە پێویستە بە خێرایی حکومەتی نوێی خزمەتگوزار لە کوردستان پێکبهێنریت، کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان و دۆستانی هەرێمی کوردستاندابێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کە گرنگە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور و وتیشی: “ئەرکی ئەم خوولەی پەرلەمانە کار لەسەر دانانی دەستوور و هەموارکردن یان پەسندکردنی ئەو یاسایانە بکات، کە هاندەری پەرەپێدانی وەبەرهێنانن لە کوردستان.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و لە دواین کردەوەی تیرۆریستیدا رۆژی رابردوو، کە چەند کەسێک بەهۆی بۆمبی چێنراوی ئەو گروپە تیرۆریستییەوە شەهیدبوون و وتیشی، “ئەو ڕووداوە سەلمێنەری ئەو راستییەیە، کە دەبێت هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زیاتر بکرێت”.
لەلای خۆشیانەوە شاندی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا-کوردستان ڕایانگەیاند، لەسەر ئاستی ناوچەکەدا هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارام و گونجاوە بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنان و بازرگانی و لەم چوارچێوەیەدا خواستی خۆشیان بۆ کارکردنی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.