مەترسییەکی جدی هەڕەشە لە منداڵانی عێراق دەکات



ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی مەترسییەکی جدی لەسەر منداڵان ئاشکرا دەکات و دەڵێت” بازرگانانی قاچاخ بە جەستەی مرۆڤەوە چالاکییەکانیان لەسەر منداڵان زیاتر کردووە”.

خێرایی بازرگانی بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ لە عێراقدا بەشێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە ، بەهۆی ئەوەی تۆڕە بازرگانان چاودێری دۆخی دارایی و هەژاری زۆری دانیشتووانەکەی دەکەن و ئەو هەلە دەقۆزنەوە بۆ زیاترکردنی کاری قاچاخچێتی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی، زۆرترین ئەو قاچاخچییانەی بازرگانی بە ئۆرگانەکانی مرۆڤەوە دەکەن، قوربانییەکانیان لە چینە هەژارەکان دەستنیشان دەکەن، بەتایبەتی تاکەکانی بێ داهات و گەنجانی بێکار، جگە لە منداڵی بێ ماڵ و حاڵ و کرێکارانی بیانی، بەتایبەتی ئەوانەی کە مەرجەکانی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون پێشێل دەکەن (قاچاخ).

قاچاخچییەکان بەبیانووی یارمەتیدانی ئەوان، رایاندەکێشن و دواتر کار لەسەر دەرهێنانی ئەندامەکانیان و فرۆشتنیان دەکەن، یان هەندێک جار دووچاری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئالوودەیان دەکەن.

سەرۆکی ڕێکخراوی “مەسیر” بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، باسم جابر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٨٠ منداڵ لەسەرتاسەری عێراق ڕفێندراوون، کە هەندێکیان هەر لەناو عێراق و بەشێکیان لە دەرەوەی عێڕاق ئەندامەکانی جەستەیان دەرهێنراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە، پێویستییەکی کاریگەرتر هەیە بۆ نەهێشتنی، بەتایبەتی کە بووەتە مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگا.

جابر ڕوونیشیکردەوە، “ئەو ئەندامانەی کە زۆرترین داوایان لەسەرە و بۆتە داواکاری بۆ بازرگانانی ئەندامەکانی مرۆڤ گورچیلەن، جگە لە بەشێک لە جگەر و بەشێکی کۆئەندامی زاوزێی پیاو.

بەپێێ ڕاپۆرتەکە، هەژاری و نەزانی هۆکاری سەرەکی پشت تەشەنەکردنی ئەو تاوانانەن، بەو پێیەی ئەو قاچاخچی و دەڵاڵانە هاووڵاتیانی هەژار و سادە دەقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان.

پەرەسەندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ئەندامەکانی مرۆڤ لە عێراق بووە هۆی ئەوەی حکومەت هەنگاوی کاریگەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە، بەو پێیەی لیژنەیەکی باڵاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بەپێی مادەی دووەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پێکهێنرا.

قوباد تاڵەبانی: گرنگە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور
پێت قوباد تاڵەبانی: گرنگە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور
پشووی سەرتاسەری سبەینێ‌ یەكلایی كرایەوە
دوات پشووی سەرتاسەری سبەینێ‌ یەكلایی كرایەوە
پەیوەنیدر