وەزیری پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە



لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە وێڕای سەرەخۆشی لە کەس و کاری ئەو پۆلە شەهیدەی بەهۆی بۆمبێکی چێندراوەوە بوونە قوربانی دەڵێت” مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:

بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی دووزخورماتوو لە کاتی کێوماڵکردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستاندا، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی فەوجی ٣ی لیوای ١ی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا تەقییەوە. کە بەداخەوە عقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەیی فەوجی سێ و عقید ئەندازیار محمد رەزا کریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی ٩ی سووپای عێراق و ن.ظ شریف احمد محمد، لەو رووداوە تیرۆریستیەدا شەهیدبوون.

پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزیان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکەین. لە پەروەردگاری میهرەبان داواکارین، گیانیان بە میهرەبانی و بەزەیی خۆیی شادبکات و سەبووری و دڵئارامیش ببەخشێت بە خانەوادە و هاوسەنگەران و ئێمە و هەموو کوردستانیان. هەروەها هیوایی زوو چاکبوونەوە و تەندروست باشی بۆ بریندارانیش دەخوازین.

‎ خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هێزی پێشمه‌رگه له‌ئاماده‌باشی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.

جمجوڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان و، لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە بە هاوکاری سووپای عێراق بەردەوام دەبێت.

شۆڕش ئیسماعیل

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

١٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

13 کیلۆ ئاڵتونی قاچاخ دەستیبەسەردا گیرا
پێت 13 کیلۆ ئاڵتونی قاچاخ دەستیبەسەردا گیرا
لیژنەی باڵای ئەمنی هەرێم كاتی قەدەغەی هاتووچۆی دیاریكرد
دوات لیژنەی باڵای ئەمنی هەرێم كاتی قەدەغەی هاتووچۆی دیاریكرد
پەیوەنیدر