لە سنووری دووزخورماتوو بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی لیوای یەک-ی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقییەوە، لە ئەنجامدا دوو فەرماندە و پاسەوانێکیان شەهید بوون.
وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەت ماتەمینی بۆ شەهیدەكان دەگێڕێت، كە ئەمڕۆ یەك شەممە لەكاتی ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان شەهید بوون.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی فەرماندەی فەوجی سێی-ی لیوای یەک-ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقیەوە، لەئەنجامدا عەقید ڕوکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوج و عەقید محەمەد ڕەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ـی سوپای عێراق و جێگری ملازم دوو شەریف ئەحمەد محەمەدئەمین شەهید بوون.
بەپێی زانیارییەكان، ڕووداوەكە لە كاتژمێر 09:00ـی ئەم بەیانییە ڕوویداوە لەو ناوچەیەی، كە بە بۆشایی ئەمنی دادەنرێت بۆمبێکی چێندراو بەكاروانی ئۆتۆمبێلەكانی هێزەکانی لیوای یەکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی غەڕڕەی خورماتوو تەقیوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، سێ سەربازی دیكە بەناوەكانی (ئەحمەد شەهاب، مستەفا، شاكر جەواد) بریندار بوون.