سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداریکردنی بەرچاوی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا “سەری هەموومانی بەرز کردەوە” و جەختیش لە پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە مارجن کوبیاک باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق کرد و تێیدا بارزانی بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند بەشداری گەلی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هەڵبژاردن و لە کەشێکی ئارامدا سەری هەموومانی بەرز کردەوە.
وتیشی: “هەروەکچۆن هەڵبژاردن سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو، قۆناغی پێکهێنانی حکوومەت و دانوساندنی لایەنەکان بە سەرکەوتوویی دەگاتە ئەنجام و ڕاشیگەیاند خوازیاری پێکهاتنی حکومەتێکی بنکەفراوانین ئەویش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن”.
هەر لەو دیدارەدا سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی داهاتوو و هاوکێشەکانی ناوچەکە، گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە کە باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراق “پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم لە بارزانی کرد”.