وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند تەقینەوەی بۆمبێک بە هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپادا شەش قوربانیی لێکەوتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، کاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ لە سنوری خورماتوو، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی فەرماندەی فەوجی٣ی لیوای ١ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقییەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە ئاکامی تەقینەوەکەدا عەقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوج و عەقید محەمەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی ٩ی سوپای عێراق و شەریف ئەحمەد شەهید بوون و سێ سەربازیش برینداربوون.
ڕاشیگەیاند، تەقینەوەکە لە ئەنجامی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی ئاسایشی هاوبەش ڕوویداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: “بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکارو هەفاڵ و هاوسەنگەرانیان دەکەین لە یەزدانی مەزن داواکارین سەبر و ئارامی بە ئێمە و ماڵبات و کەسوکارییان ببەخشێت”.