سروە شیری و پەیمان شیری، خوشک و برای خەڵکی گوندی “تەرەغە”ی سەر بە شاری بۆکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەم دواییانەدا سروە شیری تەمەن 22 ساڵ و براکەی پەیمان شیری تەمەن 19 ساڵ لەلایەن لقی 101ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی “پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت و بە قازانجی حزبی ديموکراتی کوردستانی ئێران” سزا دران. بەپێی ئەو سزایە سروە شیری بە هەشت مانگ بەندکران و پەیمان شیری بە شەش مانگ بەندکران سزادراون.
سروە و پەیمان شیری ڕۆژی چوارشەممە 25ی سێپتەمبەری 2024، لەگەڵ ئامۆزاکەیان بەناوی فەردین شیری لە لایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابون و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات گواسترابوونەوە و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنیان ئازاد کران.