دەستەی ئاماری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سهرژمێریی گشتی له ههموو عێراق و له ههرێمی كوردستان له یهك كاتدا جێبهجێ دهكرێت و دەشڵێت: له 20 و 21/11/2024 قهدهغهی تەواوی هاتووچۆ ڕادهگهیهنرێت.
دەستەی ئاماری هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرژمێریی گشتی لە هەموو عێراق و لە هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا جێبەجێ دەكرێت بەپێی ئەو قۆناغانەی ماون:
۱ـ پڕكردنەوەی تۆماری خێزان.
بژمێرەكانی سەرژمێری، لە ڕۆژانی 17، 18، 19/11/2024 سەردانی گشت شوێنەكان دەكەن، لە شار و لە گوند، لە هەر چوار پارێزگای هەرێم، هەموو خێزانەكان تۆمار دەكەن و بۆ مەبەستی ئاسانكاری بۆ خێزانەكان و بۆ بژمێرەكانیش لە كاتی پڕكردنەوەی فۆرمی سەرژمێری چەند زانیارییەكی سەرەتاییان لێ وەردەگیرێت، وەك جۆری بینا، ژمارەی خیزانەكانی نێو بینا، ناوی سیانیی ئەندامانی خێزان، ناوی دایك و باوكی دایكی ئەندامانی خێزان، پەیوەندیی كەسەكان بە سەرۆكی خێزان، ڕەگەز، مێژووی لەدایكبوونیان.
۲ـ لە 20 و 21/11/2024 قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ ڕادەگەیەنرێت.
پێویستە هەموو كەسێك لە ماڵەوە بێت، بژمێرەكانی سەرژمێری سەردانی هەموو بیناكان دەكەنەوە و دڵنیا دەبنەوە لەوەی هیچ خێزانێك لەبیر نەكرابیت لەبەرئەوەی دوای كاتژمێر 12 شەوی 21 لەسەر 22/11/2024 فۆرمی تۆماری خێزان دادەخرێت و هیچ خێزانێك تۆمار ناكرێت دوای ئەو كاتە.
۳ـ لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆدا دوایین گۆڕانكارییەكانی ئەندامانی خێزان (بۆ نموونە هەبوونی لەدایكبوون یان مردن) تۆمار دەكرێن و ئەو خێزانانەش، كە پێشتر تۆمار نەكراون تۆمار دەكرێن و زانیارییە سەرەتاییەكانیان لێ وەردەگیرێت.
٤ـ پێویستە لەم ماوەیەدا (واتە: 17 و 18 و 19 و 20 و21 ی مانگی 11) كارتی نیشتیمانیی ئەندامانی خێزان (یان ناسنامەی باری كەسێتی و هاووڵاتینامە بۆ ئەوانەی كارتی نیشتیمانییان نیە) و كۆبۆنی خۆراكی خێزان بەردەست بێت، چونكە لەكاتی سەردانی بژمێر، بۆ تۆماری زانیارییەكان لێیان داوا دەكات. هەر ئەندامێكی خێزان لە ماڵەوە نەبێ لەو ڕۆژانە بە شێویەكی كاتی بە هۆی سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات بە تایبەتی یان هەر هۆیەكی تر، پێویستە كارتی نیشتیمانی یان كۆپیەكەی ئەو كەسە هەبێ تاكو بنووسرێ لەگەڵ خێزانەكەی.
٥ـ دوا قۆناغ لە 22/11/2024 بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ كارەكان بەردەوام دەبن و دیسان سەردانی خێزانەكان دەكرێتەوە بۆ مەبەستی تۆماركردنی زانیارییەكانی پرسیارنامەی سەرژمێری دوای سەردانكردنی گشت خێزانەكان كاری مەیدانیی سەرژمێری كۆتایی پێ دێت.
٦ـ زانیاریەكانی سەرژمێری نادرێ بە هیچ لایەنێك چ حكومی یان ناحكومی و بە پێی یاسا رێگە پێنەدراوە. بۆیە، هاوكاری هاووڵاتیان بۆ تیمەكانی سەرژمێری سوودی بۆ خۆیان ئەبێ بە پلەی یەكەم، چونكە لە ئەنجام حكومەت ئەتوانێ زیاتر خزمەت بگەینێ بە پشت بەستن بە داتای وورد.
۷ـ سەبارەت بە سەرژمێری لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران / سەرۆكایەتی دیوان ژ ٥٩٨٨ لە ١٤/١١/٢٠٢٤، نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە ٣٤١٦٠ لە ١٤/١١/٢٠٢٤ و فەرمانی وەزاری وەزارەتی پەروەردە ژمارە ٣٦٤ لە ١٤/١١/٢٠٢٤، هەمان ئەم ڕێنوێنیە جێبەجێ دەكرێ و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە لە وێ سەرژمێری بكرێن.
دەستەی ئاماری هەرێم
۱٦ـ۱۱ـ۲۰۲٤