ئەمڕۆ لە نزیک بازگەی چیمەن لەسەر ڕێگای کەرکوک – سلێمانی، ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ كەس گیانیانلەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەكان، لە ڕووداوەكەی بەیانی ئەمڕۆی سەر ڕێگای كەركوك- سلێمانی، سێ كەس گیانیان لەدەستداوە، كە دووانیان خەڵکی چەمچەماڵن، یەکێکیان تەمەنی 42 ساڵە و لە سوپای عێراقە و ئەوی دیکەیان پێشمەرگە بووە”.
بەپێی زانیارییەكان، كەسی سێیەم، ژنە و خەڵکی دووزخورماتووە و تەمەنی 32 ساڵە.
هەر لەو ڕووداوەدا “چوار كەس بریندارن، كە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن و منداڵیشیان تێدایە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای پردێ- كەركوك لە ڕووداوێكی هاتووچۆی نێوان سێ ئۆتۆمبێل 2 كەس گیانیان لەدەستدا و دوێنێ هەینی-ش، لە پێکدادانی نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و ئۆتۆمبێلێکی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکدا لە شەقامی بازنەیی کەرکوک، 3 كەس، کە ئەندامی یەک خێزان بوون گیانیان لەدەستدا.