وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە لە كۆی 41 تانە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، 38 تانەیان ڕەتكراونەتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆی 41 تانە، کە پێشکەشی دەستەی دادوەری کۆمسیۆن کرابوو، دەستەی دادوەری 38 تانەی ڕەتکردەوە و تەنها سێ تانە ماون ئەم هەفتەیە یەکلایی دەکرێنەوە.
لە 18ی مانگی ڕابردوو پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتی و لە 20ی مانگی ڕابردوودا پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا و بڕیارە دوای كۆتایی هاتنی یەكلایی كردنەوەی تانەكان، كاتی یەكەم كۆبوونەوەی خوولی نوێی پەرلەمان لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دیاری بكرێت و پەرلەمان بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری كۆببێتەوە و دەستەی نوێی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت و دواتر كابینەی حكومەت بە ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان پێكبهێنرێت.
ئەمڕۆ شەممە 16ی 11ی 2024، لە مەڕاسیمی دەرچووانی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راِیگەیاند، چاوەڕوانین لەم هەفتەیەدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بە فەرمی تەواو ببێت و دوای ئەوە هێزە سیاسییەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ یەکتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، گفتوگۆی جدی و بەرپرسیارانە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بنیادنەر بکەن، حکومەتێک بێت وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک بێت.